"لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی ٥٢ برینداری چەکی کیمیایی بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی ئێران دەکرێن"
__2019_11_20_h16m22s44__ER.jpg)
ھەڵەبجە-KDP.info- لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک برینداری چەکی کیمیایی ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێن و سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجەش دەڵێ، ڕۆژانی داھاتوو ئەو بریندارنە دەگواسترێنەوە بۆ ئێران.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ٥٢ برینداری چەکی کیمیایی لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی وڵاتی ئێران بکرێن، پێشتریش ژمارەیەک بەرکەوتە بۆ چارەسەرکرن ڕەوانەی ئێران کراون."
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە گوتیشی: "ئەو ٥٢ بەرکەوتەی بڕیارە لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئێران بکرێن، ھی ھەموو ھەرێمی کوردستانن، نەک تەنیا ھەڵەبجە، لەبەر ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەش بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ھەن."
لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تەنیا لە پارێزگای ھەڵەبجە ١٧٢ بەرکەوتە پێویستیان بە چارەسەر لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە بڕیار لەسەر ئەوانە دەدرێت کە زۆر پێویستن بۆ چارەسەرکردن."
قائید میرۆ




