"بڕیارێکی نوێ بۆ دەرچووانی زانکۆکانی ناوچە کوردستانییەکان دەردەچێت"

هەولێر-KDP.info- ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ لەبارەی کێشەی بڕوانامەی زانکۆکانی ناوچە کوردستانییەکان دەردەکات و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستانی ئاشکرای کرد، لە ڕۆژانی داھاتوو کێشەی بەشێکی زۆر لەو دەرچووانە چارەسەر دەکرێت.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک زانکۆ و کۆلیژ ھەن کە زۆربەیان دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک دەوروبەری کەرکووک و مووسڵ، بەڵام کێشەیەک بۆ قوتابیانی ئەو زانکۆیانە پەیدا بووە، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ددان بە بڕوانامەکانیاندا نانێت."
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا گوتی: "ھەر بڕیارێک دەربچێت، پێویستە ڕەچاوی قوتابیان بکرێت، کە پێشتر بڕیاری ددانپێدانەنانیان دەرچووە، پێویست بوو وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندنی ئەو قوتابییانە لەبەرچاو بگرێت، کە چەند قۆناغێکیان بڕیوە."
گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەکی زۆر لەو قوتابییانە دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن و داوا دەکەن ددان بە بڕوانامەکانیاندا بنێن، چونکە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە ددانپێدانیان ھەیە و تەنیا لە ھەرێمی کوردستان کێشەیان بۆ دروست بووە."
حەسیبە گەردی دەڵێت: "بڕیارە سبەی، یان سەرەتای حەفتەی دابێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ دەربارەی چارەنووسی ئەو دەرچووانە دەر بکات، کە تێیدا ددان بە بڕوانامەی ژمارەیەکی زۆریاندا دەنێت و لە ھەوڵداین ئەوانەی ئێستاش لەو زانکۆیانە بەردەوامن لە خوێندن، ددانیان پێدا بنێن و کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت."
قائید میرۆ




