٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاكسیۆنی پارتی: دەبێ هەڵەبجە لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- لە دوو پڕۆژەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستكاریكردنی ڕێژەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەرباری كەمكردنەوەی ڕێژەی كورسیی پارێزگاكانی كوردستان، هەڵەبجەش وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش دەڵێ، تێبینییان لەسەر پڕۆژەكە هەیە و ستەم لە كوردستان كراوە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەردوو پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق لە سەرۆكایەتیی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتوونەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئێمە وەك كورد تێبینیمان لەسەریان هەیە و ناهێڵین بەو شێوەیە تێپەڕێندرێن".

سەبری گوتیشی: "نابێت هەڵەبجە وەك پارێزگا لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت و لە خوێندنەوەكانی تری یاساكەشدا لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران گەنگەشەی لەسەر دەكەین، چونكە تێبینیی زۆرمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەیە و بە ڕێژەیەكی زۆر كورسیی پەرلەمانی بۆ پارێزگاكانی كوردستان كەم كراوەتەوە".

ناوبراو زیاتر گوتی: "ئەگەر ئەو یاسایەش لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت، دەبێت دەستووری بۆ هەموار بكرێتەوە، چونكە لە دەستووردا سەدهەزار كەس كورسییەكی بۆ دیاری كراوە، بەڵام ئەوەی لەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردنەكاندا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران هاتووە، لەو ڕێژەیە كەمترە و لەگەڵ دەستوور نایەتەوە".

 

عەزیز هەورامی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار