ئەکرەم جەمو: عێراق کێشە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێتەوە

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەکی بەرچاو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەڵێ، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق کێشە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێنەوە و بە بیانووی جیاوازەوە ڕێگرییان لێ دەکەن.
ئەکرەم جەمو، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نزیکەی ٣٧٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و خۆیان لە فەرمانگەی ڕێکخراوەکان تۆمار کردووە. بەھۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان، تۆمارکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیادی نەکردووە، بەڵام بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆ و بیانیش، ڕێکخراوی نوێ تۆمار دەکرێن."
لەبارەی کێشەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەکرەم جەمو دەڵێت: "زۆر جار ئەو ڕێکخراوانە بۆ کارکردن و بەھاناوەچوونی خەڵک سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی بەغدا لە لایەن ھێزەکانی عێراقەوە کارەکانی ئەو ڕێکخراوانە تووشی ئاستەنگ دەکرێن."
قائید میرۆ




