٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا: پێکهاتەكانی كه‌ركووك تێگەیشتنی نوێیان هەیە بۆ چارەسه‌رکردنی کێشەکان

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی تایبه‌ت به‌ به‌ ڕه‌وشی كه‌ركووك دەڵێ، دوور لە چاوی مێدیاکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک، گفتوگۆکانیان بەردەوامن و لێکنزیکبوونەوەشیان هەیە بۆ سنووردارکردنی کارەکانی پارێزگار و رێکاریش بۆ لادانی لە پۆستەکەی.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، دوور لە چاوی مێدیاکانەوە، شاندی پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان، کە چۆن رێگەچارەیەک دابنێن بۆ رێگریکردنی ئەو پارێزگارەی ئێستای کەرکووک، کە رۆژانە خەریکی تاوان و گەندەڵی و هێنانی خەڵکانی گوماناوی و کۆنە بەعسییەکانه‌ بۆ نێو پارێزگای كه‌ركووك، هاوکات بە هەر رێککارێکیش بێت، ئەو پارێزگارە لابدرێت، ئاماژەی بەوەشدا، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ هەردوو پێکهاتەی شارەکە، لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە، بەو پێیەی خەڵکانی دیکە هاتوون و تێگەیشتنی نوێیان هەیە، بۆ چارەکردنی کێشەکان.

سەبارەت بە سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رەخنەیان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبووە، بەو پێیەی نایاسایی بووە و دواجار لە دادگای فیدراڵ تانەیان لێیداوە و لەبەرژەوەندی کوردیش بڕیاری دا، بەهەمان شێوەش پێیان وایە سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ خۆی رێککاری سڕکردنەکەشی نایاسایی بووە.

ناوبراو روونیشی دەکاتەوە، بە پێی یاسای ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٨، کاتێ کاری پێ دەکرێت، کە هەڵبژاردن لە شارەکەدا ئەنجام بدرێت، بۆیەشە تانەیان لە بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکه‌ بە کەرکووکیشەوە داوە و، چاوەڕێی ئەنجامی تانەکەیان دەکەن، کە ئەوکات هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری کەرکووک، نایشارێتەوە، کە خودی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بڕوایان بە بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نییە، بەو پێیەی لە بەرنامەی کاریان ئەوەیان داناوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژكردنه‌وه‌ی کارەکانیان بکەن، هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو.

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار