د. محەمەد خورشید: بارەگاکانمان لە کەرکووک ڕادەست دەکرێنەوە

کەرکووک -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری ڕادەستنەکردنەوەی بارەگاکانیانی بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراق گەڕاندەوە و دەشڵێ، دوای ئاساییبوونەوەی ڕەوشی عێراق، لەگەل بەغدا دەست بە دانوستان دەکەن.
دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دانوستانەکان لەبارەی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتیمان لە سنووری کەرکووک بەردەوامە، ئەویش پەیوەستە بەو لیژنەیەی ھەرێمی کوردستان کە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی دەکات، بڕیاربو لە مانگی ڕابردوودا ھەنگاو بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بنێن، بەڵام ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق کاریگەریی کردە سەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا."
بەرپرسی لقی سێی کەرکووک گوتی: "لە کەرکووک ٣٠ بارەگای پارتی، کە سێ لەو بارەگایانە سەرەکین، داگیر کراون و پێشتر بڕیاری ڕادەستکردنەوەیان لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە."
دکتۆر محەمەد خورشید ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی عێراق دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە، یەکێک لەو پرسانەش ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکووک دەبن."
قائید میرۆ




