٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک ٣٠ پڕۆژە تەواو دەکرێن و پارەشیان بۆ تەرخان کراوە"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەو پڕۆژانەی ڕێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە ٧٥% تەواو دەکرێن و پارەشیان بۆ تەرخان کراوە. جێگری پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، نزیکەی ٣٠ پڕۆژەمان ھەیە و بڕیارە ئەمساڵ تەواو بکرێن.

عوسمان یونس، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە ھەر پڕۆژەیەک ڕێژەی جێبەجێکردنی گەیشتبێتە ٧٥% و ئەمساڵ تەواو بکرێت، پارەی پڕۆژەکەی بۆ خەرج دەکرێت، واتە ھەر بەڵێندەرێک پڕۆژەکەی تەواو بکات، یەکسەر لە بانک پارەکەی وەردەگرێت، پێم وایە تا مانگێکی دیکە پارەیان بۆ خەرج دەکرێت."

جێگری پارێزگاری دھۆک گوتی: "لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ٣٠ پڕۆژە ھەن کە ڕێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە ٧٥% و بەشێکیان ٨٥%یان جێبەجێ کراوە، سەرەتا بۆ ئەوانەی ڕێژەی زیاتریان جێبەجێ کراوە، پارە خەرج دەکرێت، کە بەشی پارێزگای دھۆک لە پارەی تەواوکردنی پڕۆژەکان دەگاتە نزیکەی چوارملیار دینار."

عوسمان یونس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە قۆناغی دواتردا ئەو پڕۆژانەی ماون بەرز دەکرێنەوە و لە ساڵی ئایندە پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەوەش ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر بە ھۆکاری قەیرانی دارایی ڕاگیرابوون، تەواو دەکرێن و پارەشیان بۆ خەرج دەکرێت."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار