سەركردەیەكی دیاری سوننە بۆ KDP: باس لە گرنگیی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات

بەغدا-KDP.info- سەركردەیەكی سوننەكان دەڵێ، سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، گرنگی و كاریگەریی زۆری هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان و هاوكاریكردنی عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، چونكە چارەكردنی كێشەكان تەنها بە گفتوگۆ و دانوستان دەكرێت.
حامید موتڵەگ، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی نیشتیمانی و سەركردەی دیاری سوننەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گرنگیی زۆری هەیە و هەرێم بەشێكی گرنگی عێراقە و هەموو مافێكیان لە عێراق هەیە، بۆیە گرنگە گفتوگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت بۆ ئەوەی لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە بگەنە رێككەوتن، بۆیە پێویستە هاوكاری هەبێت بۆ ئەوەی سەرجەم كێشەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و عێراق لە ژێر ركێف و كاریگەرییەكانی وڵاتانی دەرەوە بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەست هەموو عێراقییەكان خۆیاندا بێت نەك وڵاتانی دەرەوە.
موتڵەگ گوتیشی، گرنگە كێشەكانی عێراق لە ناوخۆی ئەو وڵاتە چارە بكرێن، نەك وڵاتان دەستوەردانی تێدا بكەن و لە ژێر كاریگەریی ئەواندا چارە بكرێت.
ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئەگەر ئیرادەی جیددی هەبێت، چارەركردنی كێشەكان زەحمەت نابێت و لە بەرژەوەندیی هەرێم و بەغدادا دەبێت، ئێمە پێمان باشە و بە ئاسانیش چارەسەر دەكرێن، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، گفتوگۆ و دانوستانە".
ناوبراو دەشڵێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێ هاوكار بێت بۆ ئەوەی عێراق لەو دۆخە هەستیارە رزگاری بێت و كێشەكانیش چارە بكرێن، چونكە رۆڵێكی كاریگەری لە چاكردنی كێشەكاندا هەیە.
بڵند ئیبراهیم




