حكوومەت 12 بەنداو لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك دروست دەكات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێم بڕیاری خەرجكردنی 33 ملیار و 320 ملیۆن دیناری بۆ بەنداوەكانی كوردستان داوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە كوردستان دوانزە بەنداو تەواو بكرێن و دەست بەسەر ئاوی سەرزەویدا بگیرێت بۆ پارێزگاریكردن لە ئاو و كۆكردنەوەی بۆ نەوەكانی داهاتوو.
ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 33ملیار بۆ كەرتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی گرنگە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بووژانەوەی كەرتی بەنداوەكان لە هەرێمی كوردستان، بۆیە بڕیارەكە جێگای دەستخۆشی و ئومێدبەخشە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم بڕەپارەیە بۆ 12 بەنداو دەبێت، كە 3 بەنداو بۆ دهۆك و 5 بەنداو بۆ هەولێر و 4 بەنداویش بۆ سلێمانی دەبن، بەشێك لەو بەنداوانەش بە هۆی هەبوونی پارەی پێویستەوە لە چەند مانگێگدا تەواو دەبن، چونكە پێشتر دیزاینیان بۆ كرابوو."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان باسی لەوەش كرد: "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ كۆمپانیاكان قسە دەكەین بۆ ئەوەی بە زووترین كات گرێبەست بكەین و دەست بە كارەكانیان بكەن."
هێدی كاكەیی




