زەنگەنە: ٢٥ی مانگ مەسروور بارزانی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان رادەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ژێر چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانیش دەڵێ، چەندین چالاكی و پڕۆژە لە چوارچێوەی ھەڵمەتەكەدا ئەنجام دەدرێن.
پەخشان زەنگەنە، سەرۆكی ئەنجوونی باڵای كاروباری خانمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە جیھاندا دیاری كراوە، لە ھەرێمی كوردستانیش ماوەی ١٠ ساڵە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت و ماوەی ١٦ی رۆژ دەخایەنێت، كە تێیدا چەندین چالاكی لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان گوتیشی: "ئەمساڵیش لە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر بە چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە كۆنفڕانسێكی بەرفراوان دەست بە ھەڵمەتەكە دەكرێت، واتە بەڕێز مەسروور بارزانی ھەڵمەتەكە رادەگەیەنێت".
زەنگەنە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رێژەی توندوتیژی بەداخەوە زیادی كردووە، نەك تەنیا بەرامبەر بە ژنان، بەڵكوو بەرامبەر بە پیاوانیش زیادی كردووە، ھۆكارگەلێكیش ھەن، بە تایبەتی شەڕی داعش و ئەو رەوشەی ھەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕیوە، كاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی توندوتیژی ھەبووە".
قائید میرۆ




