مزووری: تا ١٥ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای چاكسازی تەواو دەكات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە بەم زووانە حكوومەت پڕۆژەیاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، لایەنەكان بەڵێنیان داوە كار بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی بكەن و ئاستەنگ نەخەنە بەردەمی.
خەدیجە عومەر مزووری، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژ یاسای چاكسازی ھێشتا لای حكوومەتە و بڕیارە تا رۆژی ١٥ی ئەم مانگە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای چاكسازی تەواو بكات، بەڵام دیار نییە كەی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، ھەرچەندە لەوانەیە زۆر نەخایەنێت".
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی دەشڵێت: "ھەر كاتێك گەیشتە پەرلەمان، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر دەكەن و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دواتر پەسەند دەكرێت".
لەبارەی ھەبوونی ناكۆكی لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی، خەدیجە عومەر روونی كردەوە: "ھەموو لایەنە سیاسییەكان دووپاتیان كردووەتەوە كە ئاستەنگ بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی دروست نەكرێت و بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان داوە پەلە بكرێت لە دەركردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، لەبەر ئەوەش لەو باوەڕەدا نیم كێشەی بۆ دروست بكرێت".
قائید میرۆ




