٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

12 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدرامەتان دروست دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، 71 پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردندان و بڕیارە 12هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش بۆ كەمدرامەت و كرێنشینان دروست بكرێن.

مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 71 پڕۆژەی نوژەنكردنەوەی رێگاوبان بە گوژمەی 40ملیار دینار لە جێبەجێكردندان و بەشێكی زۆریان تەواو بوونە و پێویستە تاوەكو 15/12ی ئەمساڵ سەرجەم ئەو پڕۆژانە تەواو بكرێن.

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە گوتیشی، كۆمەڵێك پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ساڵی 2012ـوە وەستابوون، كە نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت و نووسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرابوو بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخان بكرێت، ئێستا ئەوانیش رەزامەندییان داوە تەواو بكرێن.

مەریوان مەلا حەسەن دەشڵێ، بڕیارە جگە لەوانەش كۆمەڵێكی دیكە یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكرێت، كە ئەوانیش 3هەزار یەكەی نیشتەجێبوونن و بە ئەوانەی دیكەوە دەبێتە 12هەزار یەكەی نیشتەجێبوون، كە ئەمانە هەمووی بۆ كرێنشین و كەمدرامەتانن و بڕیارە تاوەكو ساڵی داهاتوو هەموویان تەواو بكرێن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی چوار ملیار و785ملیۆن دیناری بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە تەرخان كردووە كە تەواو نەكراون بۆ ئەوەی تەواو بكرێن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار