دۆسکی: زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ مانەوەی عەبدولمەهدین

دهۆک-KDP.info- ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیان وایە، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی ڕەوشی عێراق بەرەو خراپتر دەبات و کێشەکان زیاتر دەکات.
بەیار دۆسکی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەو بڕوایەدان، لادانی عادل عەبدولمەهدی بۆشاییی سیاسی پەیدا دەکات و لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و خۆپێشاندەرانیش نییە."
بەیار دۆسکی دەشڵێ: "زۆربەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدین، کە بەردەوام بێت لە پۆستەکەیدا و پرۆژەی چاکسازی کارا بکرێت و خواستەکانی خۆپێشاندەران جێبەجێ بکرێن، چونکە هەموویان دەزانن هەڵبژاردنێکی دیکە ساڵێک زیاتر دەخایەنێت و ئەمەش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت."
هندرین لەزگین، ئەندامی لیژنەی نەزاهە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەندێک لایەن دەیانەوێ ئاژاوەیەک بکەوێتە نێو عێراق و دەستی دەرەکیش کەوتوونەتە نێو خۆپێشاندەران، بۆیەش مانەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێکردنی داواکانی خۆپێشاندەران باشترە لەوەی حکوومەت هەڵبوەشێنرێتەوە."
لەزگین ئاماژەی بەوەش کرد: "پرۆژەی چاکسازی بەردەوامە و دوێنێ لیژنەیەکیش پێک هێنراوە بۆ نەمانی ئیمتیازاتی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و هەموو پلەکانی وەزیر و پلە تایبەتەکان."
کــاروان بــاعەدری




