ھاتوچۆی ھەرێم پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان داڕشتووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، سەرقاڵی چەند پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ، گوتەبێژی ھاتوچۆش دەڵێ، سیستەمی ھاتوچۆ یەك دەخرێت و گواستنەوەی گشتی بەھێز دەكرێت.
عەقید ئەسعەد كەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جێبەجێكردنی پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی كوردستان و چەند رێو شوێنێك دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت ئەو رووداوانەی ساڵانی رابردوو تۆمار كراون، كەمیان بكەینەوە".
گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم دەڵێت: "لەگەڵ ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستاندا لە ھەوڵداین بۆ یەكخستنی سیستەمی ھاتوچۆ و پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی لە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی چاككردنی رێگاوبانەكان".
عەقید ئەسعەد دەشڵێ: "رووداوەكانی ھاتوچۆ ئەمساڵ زیادیان نەكردووە، بەڵام وەنەبێت كەمیشیان كردبێت و رێژەی رووداوەكان ھەروەك ساڵانی پێشووە، ھەر پلانێك ھەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ، ھەوڵی جێبەجێكردنی دەدەین و ئەگەر لە توانای ئێمەشدا نەبوو، بۆ حكوومەت بەرزی دەكەینەوە".
قائید میرۆ




