هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوڕابوون، كۆبوونهوهكانی سهرۆكایهتی ههرێم بەردەوام بن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوێنێ سێشەممە، 5ی 11 ی 2019، بە جیا لەگەڵ سەرۆكایەتیی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە، دواتریش كۆبوونەوەی فراوانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەرۆككۆماری عێراق و سەركردەی حزبەكانی كوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق بەڕێوە چوو، سەرۆكی پارتی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمانیش دەڵێت، كۆبوونەوەكە زۆر ئەرێنی بوو و نزیكبوونەوەیەكی ئومێدبەخش لە نێوان لایەنەكاندا هەیە".
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆكی پارتیی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمان، گوتی: "بە دەستپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكبوونەوەیەكی ئومێد بەخش لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە لە دوای ئەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە، كۆبوونەوەی دوێنێی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و دواتریش كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، زۆر خاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و دەستكارینەكردنی دەستووری عێراق، كە زامنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە و مانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لە پۆستەكەیدا، دەبێتە هۆكاری سەقامگیری."
بازرگان گوتیشی: "كۆبوونەوەكە زۆر ئیجابی بوو و لەوەودواش كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن، لە كۆبوونەوەی دوێنێشدا هەموومان یەك ڕا بووین بۆ یەكهەڵوێستی و، هەموو لایەكیش دووپاتمان كردەوە، كە ئەو كۆبوونەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن و مانگانە بێت، ئەگەریش پێویست بكات زیاتریش كۆبوونەوە ئەنجام بدەین، چونكە بارودۆخەكە وا دەخوازێت هەموو لایەك لە كوردستان ئاگاداری یەكتری بین لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش."
سەرۆكی پارتی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمانی زیاتر گوتیشی: "بۆ بەغدا جەخت كرایەوە كە دەستەیەك دابمەزرێت لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق كار بكەن بۆ ئەوەی یەكهەڵوێست بن بەرامبەر مافەكانی كوردستان، بە تایبەتیش لە پرسی هەمواركردنەوەی دەستووردا."
نەشوان بەرزنجی




