كریستیانەكانی باشوور داوای پاراستنی كریستیانەكانی رۆژئاوای كوردستانیان له UN و ڤاتیكان كردووە

هەولێر-KDP.info- ھەزاران كریستیانی رۆژئاوای كوردستان ژیانیان لە مەترسیدایە و نوێنەرێكی كریستیانەكانیش دەڵێ، لە ناوچەكانی تل تەمەر و دەوروبەری، زیانی گەورە بەر كریسیتانەكان كەوتووە و بەشێكیان ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە.
كلارا عۆدیشو، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاو كریسیتان ھەن لە رۆژئاوای كوردستان و زیاتر دەكەونە سنووری شارۆچكەی تل تەمەر و دەوروبەری، لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان، ناوچە كریستیاننشینەكان كەوتنە بەر بۆردوومانی ھێزەكانی توركیا و لە رۆژئاوای كوردستانیش زیانی گەورە بە پێكھاتەی كریستیان كەوتووە".
نوێنەرەكەی كریستیان گوتیشی: "دەیان گوندی كریستیان لە رۆژانی رابردوودا چۆڵ كراون و خەڵكەكەی بەرەو شارەكانی دیكەی سووریا و رۆژئاوای كوردستان رۆیشتوون، هەروەها ژمارەیەك لەو كریسیتانانەش روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە".
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كریستیانەكانیرۆژئاوای كوردستان نزیكەی ٥٥ گوند دەبن و زۆربەیان بە ھۆی ئاڵۆزییەكانەوە ماڵوحاڵیان بەرەو ناوچەكانی دیكە بەجێ ھێشتووە".
عۆدیشو جەختی كردەوە: "كریستیانەكانی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڤاتیكانەوە داوای پاراستنی كریستیانەكانی رۆژئاوای كوردستانیان كردووە، چونكە لە ئێستادا ژیانیان لە مەترسیدایە و پەڕاگندەی ناوچە ئارامەكان بوونە لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆیاندا".
قائید میرۆ




