فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شنگالیان بۆردوومان کرد

شنگال -KDP.info- فەرماندەی فەرماندەییی پێشـمەرگەی شنگال ڕایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەی خانەسووری سەر بە قەزای شنگالیان بۆردوومان کرد.
قاسم شەشۆ، لە لێدوانێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەممە (٤_١١_٢٠١٩)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ناوچەی خانەسووری سەر بە قەزای شنگال، پێگەکانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد."
شەشۆ، ئاماژەیشی دا: "تا ئێستا نازانرێت زەرەر و زیانی بۆردوومانەکە چەندە، بەڵام مەترسییەکی گەورە کەوتووەتە دڵی خەڵکی شنگالەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا دوو کەس بوونەتە قوربانی و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشانەی ناحیەی سنوونێ کراون.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە لەنێو قەزای شنگالدا چەندین جارە شنگال دەکەنە ئامانج و، ئەو بۆردوومانانە زەرەری گیانی و ماددیشیان لێ کەوتووەتەوە.
کــاروان بــاعەدری




