پەرلەمانی كوردستان چوار لیژنەی هەمیشەیی دیكە زیاد دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، چوار لیژنەی دیكەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی كوردستان زیاد دەكرێن و، لەم هەفتەیەشدا فراكسیۆنی پارتی ناوی ئەندامانی ئەو لیژنانە یەكلا دەكاتەوە.
ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە 18ـی مانگی 3ی 2019ـدا، كاتێك ئەندامانی پەرلەمان بەسەر لیژنەكاندا دابەش كران، رێككەوتن لە نێوان فراكسیۆنەكاندا كرا تا لە دوای پێكهێنانی حكوومەت، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بكرێتەوە و چەند لیژنەیەكی پەرلەمان زیاد بكرێن، یاخود لێك جیا بكرێنەوە، دوای ئەوەی پەیڕەوەكە هەموار كرایەوە، ئێستا دەبێت رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێ: "لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجام دراون، هەروەها رۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش دواكۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و، لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ، لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ئافرەتان، لیژنەی دەستپاكی و كاروباری پەرلەمان و، لیژنەی شارەوانییەكان و وەبەرهێنان، لێك جیادەكرێنەوە و دەبن بە دوو لیژنەی جیاواز."
خۆشناو گوتیشی: "هەر فراكسیۆنێك ئامادەكاریی خۆی دەكات بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا ئەندامانی لیژنەكان دیاری بكەین، دوای دیاریكردنی ناوی ئەندامانیش، لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا متمانە بەدەست دێنن و دواتر لە كۆبوونەوەی لیژنەكان لە ماوەی هەفتەیەكدا سەرۆكایەتیی خۆیان هەڵدەبژێرن بەپێی رێككەوتن، كە پێشتر كراوە".
لەبارەی پشكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەكان، ناوبراو ئاماژەی دا: "سەرۆكی لیژنەی ئافرەتان و جێگری سەرۆكی لیژنەی وەبەرهێنان و بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ، بەر فراكسیۆنی پارتی دەكەون و لەم هەفتەیەدا وەكو فراكسیۆن كۆدەبینەوە و ناوی ئەندامانی لیژنەكان دیاری دەكەین، كە لە هەندێك لیژنەدا چوار ئەندام و لە هەندێكیشدا پێنج ئەنداممان بەر دەكەوێت".
نەشوان بەرزنجی




