٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کرێی خوێندنی ساڵێکی کوڕ و کچی شەھیدان خەرج دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئاشکرای کرد، بڕیارە کرێی یەک ساڵی خوێندن بۆ کوڕ و کچی شەھیدان خەرج بکرێت و دەشڵێ، زانکۆ و قوتابخانەکان ھاوکارن بۆ ئەوەی کوڕ و کچی شەھیدان درێژە بە خوێندن بدەن.

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای باشبوونی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی کردووە بە دابەشکردنی کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و لە ماوەی یەک ساڵدا کرێی دوو ساڵیان بۆ خەرج کراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە."

بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای دھۆک یەکھەزار قوتابی ھەن، کە کوڕ و کچی شەھیدانی سەربەرزن و لە قوتابخانە و زانکۆ ئەھلییەکان لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدەن، زانکۆ و قوتابخانەکانیش زۆر ھاوکارن لەگەڵ حکوومەت بۆ درێژەدانی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان."

 

لەبارەی خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩، ژیان مستەفا ڕوونی کردەوە: "ئێمە لیستی پارەمان بۆ وەزارەت بەرز کردووەتەوە و لە پلاندایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆیان خەرج بکرێت، ھەرچەندە ماوەی خەرجکردنی کرێی ساڵی پێشوو زۆر نییە، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین، کرێی ئەمساڵ لە کاتێکی زووتردا بۆیان خەرج بکرێت."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار