نێچیرڤان بارزانی: هاووڵاتی و بەها مرۆییەکان، ده‌بێ چەقی ئامانج و مەبەستەکانی ده‌ستوور بێت

هەولێرـKDP.infoـ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 31/10/2019 له هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، خاتوو ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی كوردستان و یاساناس و پارێزه‌ران، ڕێوڕه‌سمی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتارێك له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
ئامادەبووانی بەڕێز..
به‌یانیتان باش..
به‌خێر بێن.. هه‌موو لایه‌كتان زۆر به‌خێر بێن
خۆشحاڵم ئەمڕۆ پێکەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەستنی شەشەمین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەکەین. بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندامانی سەندیکای پارێزەران دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم.
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، جگە لە کاری سەندیکاییی خۆی، لە ئەرکە نیشتیمانیەکانیشدا ئامادەییی بەرچاوی هەبووە، هەر لە بەشداریی ئەندامانى لە هەڵبژاردنە یەک لە دوا یەکەکانی کوردستان به سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانەوە، تا هاوکاریکردن لە ئامادەکردنی چەندین پرۆژەیاسای گرنگ بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەرکی دیکەی نیشتمانی، وه‌ك داكۆكیكردن و پاراستنى خۆبه‌خشانه‌ى مافه‌كانى ئه‌نفالكراوان، هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌جینۆسایدناساندنى ئه‌و تاوانانه‌ى كه ده‌رحه‌ق به گه‌لى كوردستان كراون، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییان بۆ داكۆكیكردن له مافه ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان له عێراقدا، ئه‌مانه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن كه جێی شانازیی ئێمه و جێی شانازیی خۆیانن و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و سوپاسیان ده‌كه‌ین.
ئامادەبووانی بەڕێز..
کۆمەڵگەی دروست و پێشکەوتوو، زادەی کولتوورێکی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤدۆستانەى سەردەمیانەیە کە دەستوور و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەو کولتوورە، چوارچێوەی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی تێدا دیاری دەکەن. کۆمەڵگەی کوردستان، خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندی ژیاندۆستی، نەریت و بەهای جوانی مرۆڤایەتییە. وێڕاى شانازیکردنی بە ناسنامە و ڕەسەنایەتیی خۆیەوە، ئامادەیی و مەیلێکی بەهێزیشی بۆ کرانەوە و گەشەکردن و پێشکەوتن، هه‌یه.
لە کوردستان هەمیشە هەوڵ دراوە بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان، لە یاسا و بڕیارەکاندا ڕەنگ بدەنەوە. چەندین یاسای گرنگی تایبەت بە بواری یەکسانی و ئازادیی سیاسی، ئایینی و ئازادیی ڕادەربڕین، چەندین بڕیاری گرنگ بۆ ڕێگری لە توندوتیژی، داکۆکی لە مافی ژن و منداڵ دەرکراون و کاریان پێ دەکرێت.
بەبێ سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، مەحاڵە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دروست ڕێکبخرێت و بەڕێوە ببرێت. ئێمە دەمانەوێت و مەبەستمانە کۆمەڵگای کوردستان بە دروستترین شێوە ڕێکبخرێت، بۆ ئەوەی کوردستانییان ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان هەبێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەکات. سەندیکای پارێزەرانیش دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لەم بوارەدا ببینێت. سەروەریی یاسا، دڵنیایی دەبەخشێتە هەر تاکێک کە ژیان و مافەکانی پارێزراو دەبن. یەکسانی و دادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاساکاندایه بە کردەیی پێویسته ڕەنگ بداتەوە، هەر بۆیە بە ئەندازەی گرنگیی خودی یاساکان، جێبەجێکردن و کارپێکردنیان بە شێوەیەکی دروست، گرنگن بۆ وڵاته‌كه‌مان.
جێبەجێکردنی یاسا، چەند ئەرک و بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی جێبەجیکردنە، هێندەش ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە. یاسا بەبێ جێبەجێکردن، ههرچەند یاسایەکی دروست و گرنگیش بێت، لە دەقێکی نووسراوی مردوو زیاتر، هیچی دیکە نابێت.
ئێوەی پارێزەران، یاساناسان و مافپەروەران، وەک دەستەبژێرێکی دیاری کۆمەڵگا، وێڕاى هۆشیاریی کار و ڕۆڵی سەندیکایی، لە بواری ڕۆشنبیریی یاساییشدا، خاوەن زانیاری و ڕوانگەی خۆتانن. لە بواری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو کۆمەڵگادا، ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گرنگتان لە سه‌ر شانه.
ئێمە پێویستمان بە هۆشیاری و ڕۆشنبیرییەکی سەردەمیانە هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یاسا و جێبەجێکردنیدا، بە جۆرێک ڕێزگرتن لە یاساکان و جێبەجێکردنیان لای هەر تاکێک، وەک بەهایەکی ئەخلاقی و ئەرکێکی نیشتمانیی گرنگ بناسرێت.
دەبێ یاسادۆستی ببێتە پێوەرێک بۆ دڵسۆزی. ئێمە بۆ ئەوەی دۆستی خۆمان بین، بۆ ئەوەی دۆستی ژیان بین، دەبێ دۆستی ئەو یاسایانە بین کە بە پاشخانێکی مرۆڤدۆستانەوە ژیانمان ڕێکدەخەن. دەبێ نەوەکانی ئایندە بەم هۆشیارییە گۆش بکرێن و لەنێو خێزان، لە سیستمی پەروەردە و لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا، شوێنێکی گرنگی پێ بدرێت.

پارێزەرانی بەڕێز..
ئێوه دەزانن كوردستان پێویستی به داڕشتنی دەستووره و ئەوەش یەكێكە لەو ئەركه نیشتمانییانه. دەستووری شیاو بۆ هەرێمی کوردستان وەک دایکی یاساکان، دەستوورێکە ڕەنگدانەوەی پاشخانە کولتووری و خواستە سەردەمییانەکەی کۆمەڵگا بێت بۆ پێشکەوتن و کرانەوەی زیاتر. دەستوورێک، کە هاووڵاتی و بەها مرۆییەکان، چەقی ئامانج و مەبەستەکانی بن. تێدا هیچ بەهایەک لەسەرووی بەهای مرۆڤ و نرخی ژیانەوە نەبێت. جیاوازییەکان وەکو یەک ڕێزلێگیراو بن، مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تێدا پارێزراو بێت و هیچ جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایینی و مەزهەبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئاستی کۆمەڵایەتی، له دهستوورهكهماندا بوونی نەبێت. لەم لایەنەوە، پارێزەران و یاساناسان، دەتوانن بەشداریی کارایان هەبێت و یارمه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.
سەبارهت به دەستووری عێراق و ئەو گفتوگۆیەی لەوبارەیەوە ده‌كرێت، دەمەوێ ئه‌وه بڵێم: ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا، بە بەراورد له‌گه‌ڵ ده‌ستوورى زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بە دەستوورێکی پێشکەوتوو لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی، دۆخێکی وای خوڵقاند کە ئێستا قسە لەسەر هەموارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور دەکرێت، لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی، ده‌ستوور نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی سه‌ره‌كی له عێراقدا، فەرامۆشکردنی ئه‌و دەستوورەیە.
دەبێ لای هەمووان ڕوون بێت کە دەسـتووری عـێراق بـە هەر هەموارکردن و دەستکاریکردنێکەوە، دەبێ ڕەنگدانەوەیەکی دروست و واقیعییانەی سەرجەم جیاوازی و تایبەتمەندیی پێکهاتەکانی بێت و مافی ڕەوای هەمووانی تیادا سەلمێنرابێت.
ئێمە ڕێگری لە هیچ هەموارێک ناکەین کە لەپێناو باشترکردنی ژیان و بەڕێوەبردندا بێت لە عێراق، بەڵام هەر هەموارێک نایەکسانی دروست بکات و زیان بە دیموکراسی و فیدرالی بگەیه‌نێت، دژی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلی عێراقه و بە هیچ شێوەیەکیش لەگەڵ داخوازییەکانی خۆپیشاندەراندا یەک ناگرێتەوە. گەلی عێراق باشترکردنی بەڕێوەبردن و ژیان و گوزەرانى دەوێت، نەک ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی عێراق.
عێراق پێویستى به سه‌قامگیریى ئه‌منى و سیاسى هه‌یه و كێشه و قه‌یرانه‌كان به تێكچوونى ئارامى و سه‌قامگیرى چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵكوو ئاڵۆزتر ده‌بن. كێشه و قه‌یرانه‌كانى عێراق، كه‌ڵه‌كه‌بووى هه‌ڵه و خراپیى به‌ڕێوه‌بردنى ساڵانێكى دوور و درێژى حكوومهتهكانن، هیچ حكوومه‌تێك ناتوانێت له ساڵێكدا چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه بكات.
به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانیى عێراق و پێكهاته‌كانى، به كارى پێكه‌وه‌یى و هاوكاریى هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كرێت. پاراستنى ئێستا و داهاتووى عێراق له ئه‌ستۆى هه‌موواندایه. دیالۆگ و لێكگه‌یشتن باشترین ڕێگه‌ى چاره‌سه‌رین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى له هه‌نگاو و بڕیاره‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه و كه‌موكوڕییه‌كان ده‌كه‌ین.
له كۆتاییدا ده‌مه‌وێ جارێكی دیكه ده‌ستخۆشى له سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بكه‌م بۆ هەموو ئەو کار و تێکۆشانەی ئەنجامیان داوه له‌پێناو داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی پارێزەرانی کوردستان و ئەرکە نیشتیمانیەکانیاندا.
هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ سەندیکاکەتان دەخوازم، دڵنیاشتان دەکەمه‌وه کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارتان دەبێت بۆ سەرخستنی ئەرک و ئامانجەکانتان.
دووبارە پیرۆزباییی بەستنی ئەم کۆنگرەیەتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ خۆتان و کۆنگرەکەتان ده‌خوازم.
زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان..




