پسپۆڕێکی دەستووری: لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دا زیاتر لە هەموو کابینەکان دەستوور جێبەجێ کراوە
_(14)__2019_10_30_h17m33s5__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری هەمواری دەستووری عێراقی دا، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، شارەزایەکی دەستووریش دەڵێ، دەستوور پێویستی بە هەموارە، بەڵام هەموارکردنی دەستوور داوای خۆپێشاندەران نییە.
دوای نەمانی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی ٢٠٠٥ زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان لەسەر دەستوور دا و عێراق بووەتە خاوەنی دەستووری تایبەتی خۆی.
کێ مافی ڕاستکردنەوەی هەیە؟
لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین بڕیاری دەرکرد، لەوانە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان و هەموارکردنەوەی دەستوور.
دەستووری عێراق دوو ماددەی هەیە، باسی ڕاستکردنەوەی دەستووری عێراق دەکەن، ئەوانیش ماددەی (١٢٦) و ماددەی (١٤٢)ن، هەردووکیشیان چەندین بڕگەی جۆراوجۆریان هەیە.
ماددەی ١٢٦ دەڵێت، سەرۆکی وڵات و ئەنجومەنی وەزیران، یان یەک لەسەر پینچ (1/5)ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیاری ڕاستکردنەوەی دەستوور دەکەن، دواتر ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیار دەکرێت و دەبێ ٢ لەسەر ٣ی ئەندامانی ئەنجومەن دەنگی لەسەر بدەن و دواتر دەبێ زۆرینەی خەڵکی عێراقیش دەنگ لەسەر ئەو ڕاستکردنەوانە بدەن و دواتر سەرۆککۆمار لە ماوەی ٧ ڕۆژدا پەسەندی دەکات.
ناکرێ ئەو مافانەی لە دەستووردا بۆ هەرێمەکان دیاری کراون ڕاست بکرێنەوە و، دەبێ مەرجی ئەوەی هەبێت کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەنگی خەڵکی کوردستانی تێدا بێت.
لە ماددەی ١٤٢ی دەستووردا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەک لە پێکهاتەکانی عێراق پێک دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن کە زیاتر لە ٤ مانگی پێ نەچێت، بۆ ئەوەی ڕاسپاردەکان بە ئەنجومەنی نوێنەران بگەیەنن و دواتر ڕاستکراوەکانی دەستوور بخەنە بەردەم خەڵکی عێراق و زۆرینەی خەڵک، واتە دوو لەسەر سێی خەڵک ڕەتی نەکەنەوە.
ڕاستکردنەوە چارەسەرە؟
لەو بارەیەشەوە، ڕێنجبەر شێخۆ، مامۆستای زانکۆی و پسپۆڕی یاسای دەستووری دەڵێت: "دەستووری عێراق پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە، بەڵام ڕاستکردنەوە نابێتە چارەسەری کێشەکانی عێراق، چونکە کەمیی خزمەتگوزاری لە بەندی دەستووریدا نین، کەموکوڕی لە دەستوور و هاوسەنگیی خەڵکدا هەن، بەڵام بە مانای دابینکردنی خزمەتگوزاری نین."
ڕێنجبەر شێخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کابینەی عادل عەبدولمەهدیدا زیاتر لە هەموو کابینەکان بنەمای دەستووری جێبەجێ کراون و زیاتر لە هەمووشیان بە هاوسەنگی لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵەی کردووە."
ڕۆڵی کورد
شیخۆ گوتیشی: ''دەبێ کورد لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق یەکگرتووتر بن، بۆ ئەوەی لە ڕاستکردنەوەشیدا مافی خۆیان دەستەبەر بکەن."
"لە ڕاستکرنەوەی دەستووردا ئەگەر کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بن، ئەوا دەتوانن لە چەندین ماددە و بڕگەی دەستووردا گرەنتی وەرگرن و حکوومەتی عێراقیش ناچار بکەن پێوەیان پابەند بێت، چونکە چەندین پرس هەن، لەوانەش ماددەی ١٤٠ و بودجەی پێشمەرگە و چەندین پرسی هەڵواسراوی دیکە." شێخۆ وا دەڵێت.
لە کۆتاییشدا گوتی: "ڕاستکردنەوەی دەستوور دەرفەتێکی ترە بۆ کورد، چونکە ئەگەر کورد ڕاستکردنەوەی دەستووری ڕەت کردەوە، ئەوا کێشە دەکەوێتە ڕاستکردنەوەکەوە، بۆیەش یەکڕیزیی کورد لە ڕاستکردنەوەکەدا مەرجە."
کــاروان بــاعەدری




