٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیوەیلی: پارتی و یەكێتی و گۆڕان كۆدەبنەوە.. بە هۆی سەرۆك بارزانییەوە پەیوەندییەكان پتەوتر بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕاگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پڕكردنەوەی پۆستە وەزارییەكان ئەنجام دەدرێت. لەمەڕ پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دونیای دەرەوەشدا، بە ئاستێكی بەرز وێنایان دەكات، هاوكات بەردەوامیش دەبن لە برەودان بە پەیوەندییەكانیان، ئەو پەیوەندییەشی ئێستا لە ئارادایە، بە بەرهەمی تیكۆشان و هەوڵی بەهێـزیی دیپلۆماسییەتی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی ناو دەبات.

هۆشیار سیوەیلی، لە دیمانەیەكی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئاستی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ وڵاتان بە قۆناغێكی گرینگ و بەهێـز وێنا دەكات، هاوكات دوایین سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ هەریەكە لە وڵاتانی چیك و پۆڵۆنیا و ئەڵمانیا و بەلجیكا، بە ئەنجامی باش پێناسە دەكات، كە وڵاتان بە گرینگ و بایەخەوە دەڕواننە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكەدا، دووپاتی پاڵپشتی و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانیان كردووەتەوە لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و لۆجستی تایبەت بەو ئاوارانەی بە هۆی مەترسی جەنگ ناوچەكانیان جێهێشتووە و، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هاوكات جەختیان لەسەر بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانان كردووەتەوە و، وەسفی نموونەی ئارامی و پێشكەوتنی هەرێمی كورستان دەكەن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە ئەوەی ئێستا گرینگە، ئەوەیە كە وڵاتان بۆیان روون بۆتەوە، بە هەبوونی پەیوەندییەكی تۆكمە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كورستان و، پەیوەندییە دپیلۆماسییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێـزتر و هەمەچەشنتر دەبن، گوتیشی: "ئەمەش لەیاد نەكەین، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێـز بێت، هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت، لە ماوەی ڕابردووشدا بە شێوەیەكی روون و ڕەوان ئەو ڕاستییە دەركەوتووە".

پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ دەرەوە لەسەر بنەمای دیپلۆماسییەتی سەرۆك مەسعوود بارزانییە

هەر لە دیمانەكەنەدا سەبارەت بە چۆنیەتیی داڕشتنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كورستان لەگەڵ دونیای دەرەوە و، دانانی میكانیزم و شێوازی نوێ بۆ گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەكانیان، هۆشیار سیوەیلی، پەیوەندییە دپیلۆماسییەكانی پارتی لەگەڵ وڵاتان  بە ئاستێكی بەرز وێنا دەكات، هاوكات بەردەوامیش دەبن لە برەودان بە پەیوەندییەكانیان، كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت، ئەو پەیوەندییەشی ئێستا لە ئارادایە، بە بەرهەمی تیكۆشان و هەوڵی بەهێـزی دیپلۆماسییەتی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی ناو دەبات، كە جەنابی سەرۆك بنچینەی سەرەكی و داڕێژەری پەیوەندییە دپیلۆماسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەرێمی كوردستان بووە لە دونیای دەرەوەدا، نموونەش بەوە دێنێنەوە، كە دواهەوڵی دیپلۆماسیی سەرۆك مەسعوود بارزانی لەمەڕ لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بوو، كە بینمان چۆن جیهانی هێنایە دەنگ، هەوڵی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیلی دا لە هێرشی سەربازی توركیا، كە لە ماوەیەكی كورتدا ئەنجامەكانی دەركەوتن و، بووە هۆی سنوورداركردنی ئۆپڕاسیۆنەكە، هەربۆیەشە سیوەیلی جەخت دەكاتەوە، كە لەسەر ئەو فەرهەنگەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا بكەن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، كە پەیوەندیی تۆكمە و هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی زلهێزدا هەیە، ڕۆڵی هەریەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و رووسیا لە ناوچەكەدا گرینگە و، ئەوان بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان، نموونەش بە ئەمەریكا دێنێتەوە، كە بنكەی سەربازیی جێگیری لە هەرێم هەیە، هاوكات لە ڕووی ئابووری و سیاسییش بەردەوام لە پێشكەوتندایە، هەروەها سەردانی هەریەكە لە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستانیش بە ئاماژەی بەهێزیی ترافیكی دپیلۆماسیی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا نێو دەبات، كە رووسیاش دەیەوێت ڕۆڵ و پێگەی ئابووری و سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز بكات.

هەولێر و بەغدا

هۆشیار سیوەیلی، بنەمای سەرەكیی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا بە دەستوور نێو دەبات و، بە پێویستیشی دەزانێت خاڵەكانی جێبەجێ بكرێن، لە دانانی عادل عەبدوالمەهدیش بە سەرۆكوەزیران، دەیگێڕێتەوە بۆ كورد، كە ڕۆڵی سەرەكییان لە پشتیوانیكردنیدا بینیوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ناوبراو بتوانێت كۆتایی بە گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بهێنێت، سیوەیلی لە بەردەوامیی گوتەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، كە بەشێكی ماددە دەستوورییەكان جێبەجێ كراون و بەشێكی دیكەیان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، بۆیەشە هەولێر و ناوەند بەردەوامن لە دانوستانەكان، ناوبراو سستیی گفتوگۆكانی نێوانیشیان بۆ گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق دەگێڕێتەوە و تاكو ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە، ئەوكات گفتوگۆكانیان دەست پێدەكاتەوە، وێڕای ئەوەی سیوەیلی لەگەڵ داخوازییەكانی شەقامی بەغدایە و داواكانیان بە ڕەوا و داوای مافە سەرەتاییەكانیان ناوزەد دەكات، بەڵام بە پێویستی دەزانێت، كە خۆپیشاندانەكان دوور بن لە توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، لە بەرانبەردا بە هێمنانە داوای مافەكانیان بكەن.

بەم زووانە سێ لایەنەكەی هەرێم كۆدەبنەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیی زۆر باشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەمیشەش دەرگای بە ڕووی لایەنە سیاسییەكاندا بە ئاڕاستەی یەكگرتوویی و تەبایی كورد لە ناوچەكەدا كراوەیە، پەیوەندیی سیاسیی تۆكمەی پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی وای گوت، هاوكات دەشڵێ، كە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوانیاندا هەیە و، هەردوولاش پابەندی ڕێككەوتنە سیاسییەكەن، هەروەها لیژنەیەكی هاوبەش لە ئاستی باڵادا پێك هێندراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی سێقۆڵیی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پڕكردنەوەی پۆستە وەزارییەكان ئەنجام دەدرێت، ئەویش بەپێی بەركەوتەی حكوومەت و پەرلەمان، هاوكات هەماهەنگییەكی باشیش لەو چوارچێوەیەدا هەیە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان

ناوبراو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و، دۆخی پارێزگای كەركووك پێی وایە، كە كۆدەنگی و یەكهەڵوێستییەكی باش لە نێوان لایەنە كوردییەكان و پێكهاتەكانی دیكەدا هەیە، ئەو لیستە هاوبەشەی پێكیش هێندراوە بۆ كورد، لە دیدگای هۆشیار سیوەیلییەوە ئاڕاستە و ئەنجامی باشی دەبێـت، بەو پێیەی دەنگەكان پەرش و بڵاو نابن، هاوكات پێیشی وایە ئەو دیباجەیە دەبێتە هۆی چارەكردنی دۆخی پارێزگای كەركووك و، تا ڕادەیەكی باش گرفتەكان چارە كراون، چونكە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، دەشڵێ، كە تا ئێستا روون نییە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە وادەی خۆی و لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵپەسێردراون لە لایەك، لە لایەكی دیكەیشەوە نەگەڕانەوەی ئاوارەكانیش بۆ زێدی خۆیان، بە گرفتێكی دیكە ناو دەبات، بە تایبەتیش ئاوارەكانی مووسڵ و كەركووك، كە ئەوان خوازیارن گرفتەكانیان چارە بكرێن.

 

هۆزان سەمەد

پێداچوونەوەی_ خێڵان بەختیار

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار