تاڵەبانی: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرگا بۆ گەندەڵی واڵا دەكات

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرگا واڵا دەكات بۆ ئەوەی پارێزگارەكان بە ئارەزووی خۆیان گەندەڵی بكەن، چونكە هەموو دەسەڵاتێك لە دەست خۆیاندا دەبێت و كەس نییە چاودێرییان بكات، بۆیە تانەی لێ دەدەین.
رێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دەركردووە و پێشتریش یاسایان بۆ دەركردووە، هەروەها كاتی هەڵبژاردنیان دیاری كردووە و لەجیاتی هەمواركردنەوەی یاساكە، ئەنجومەنەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە، كە بێگومان ئەمە كێشەی خراپبەكارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی بنبڕ ناكات و پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمی دەسەڵاتدا بكەن، بە تایبەت ئەوانەی گەندەڵی دەكەن، نەك بێن ئەنجومەن هەڵوەشێننەوە، چونكە یاسای هەڵبژاردنی ئێستا سەقەتترین و گەندەڵترین یاسای دنیایە".
تاڵەبانی گوتیشی: "ئەو بڕیارە وادەكات هەموو پارێزگاكان دەستیان واڵا بێت گەندەڵیی زیاتر بكەن و ئەگەر راست دەكەن، پێویست بوو رێگری بكەن لەوەی هەشت ملیار دۆلار گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتەوە بكرێت، نەك ئەنجومەنەكان هەڵوەشێننەوە، بۆیە تانە لەو بڕیارە دەدەین بۆ ئەوەی هەڵوەشێتەوە و ئەنجومەنەكان لە كاری خۆیان بەردەوام بن تا هەڵبژاردن، چونكە تەنها دوو مانگ وادەی كاركردنیان ماوە".
بڵند ئیبراهیم




