٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لەم حەفتەیەدا فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا پێک دێت"

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا -KDP.info- بڕیارە لەم حەفتەیەدا فراکسیۆنە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی فراکسیۆنی کوردستانیدا یەک بگرن و بەرپرسێکی پارتی دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕەنگدانەوەی دەبێت.

 

بڕیارە ئەم حەفتەیە فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا ڕابگەیەندرێت و بەرپرسێکی پارتیش لە بەغدا ئاشکرای کرد، پارتی پشتیوان و دەستپێشخەری ئەو پرسانەیە، کە ڕەھەندی نیشتمانییان ھەیە.

 

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لەم حەفتەیەدا پرسی پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردستانی بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ قۆناغی ئێستای عێراق کاریگەریی ئەرێنیی ھەبێت."

 

بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نیشتمانییان ھەیە، لە بەرژەوەندیی کورد تەواو دەبن، پارتییش ھەموو کات پێشەنگیی کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسانەی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانن، لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەنەکان بن و دەستپێشخەریش بووە، بینیمان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەھەوڵدایە بۆ ئەوەی یەکڕیز بین."

 

پەیوەست بە کاریگەریی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان، بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پەرلەمانی عێراقدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا ڕەنگدانەوەی دەبێت. لەبەر ئەوەش، پێمان وایە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و لایەنەکانی کوردستان بایەخی خۆی ھەیە و بەرھەمیشی دەبێت."

 

شوان محەمەد تەھا دەشڵێت: "ڕەوشی ئێستای عێراق بە ئاقارێکی ناسەقامگیردا دەڕۆات و پێویستە کورد یەکگرتوو بێت، بۆ ئەوەی پێکەوە بە یەک ھەڵوێست مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەین."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار