"پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان پەسەند دەكرێت"
هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش ئامادە كراوە و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند دەكرێت، ئەمەش یەكەم جارە ئەو جۆرە پڕۆژەیاسایە لە عێراق و كوردستان پێشكەش بكرێت.
زانا مەلا خالید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش ئامادە كراوە و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت.
بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی گوتیشی، بەپێی پڕۆژەیاساكە، مافی نەخۆش دیاری دەكرێت، كە لە نەخۆشخانەكاندا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و كۆمەڵێك مافیان بۆ دانراوە، كە پێویستە رێزیان لێ بگیرێت و مافەكانیان پێ بدرێت.
ناوبراو دەشڵێ، ئەمە یەكەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەو پڕۆژەیە پێشكەش بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




