د. ڤیان: مافی ڤیتۆمان هەیە رێگری لە هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بكەین

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و ئێمە بایكۆتمان كردووە". دەشڵێ: "هەمواركردنەوەی دەستوور سەركەوتوو نابێت، چونكە ئێمە مافی ڤیتۆمان هەیە و رێگە نادەین هەموار بكرێتەوە".
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەوە بوو كە شیعەكان زۆرینە بوون و هەمووان سوور بوون كە ئەنجومەنی پارێزگاكان سڕ بكرێن، كە ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، بەداخەوە گوێشیان لە ئێمە نەگرت و ئێمەش دەنگمان پێ نەدا".
سەبری گوتیشی: "هەر خولێكی پەرلەمان بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ لیژنە بۆ هەمواركردنەوەی هەندێك ماددە پێك دێت، بەڵام بە گوێرەی ماددەی 126 ئەگەر سێ پارێزگا ڕەتی كردەوە، دەتواندرێت هەموارەكە ڕەت بكرێتەوە، بۆیە وەكو خولەكانی پێشوو سەركەوتوو نابێت و ڕەت دەكرێتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێ: "ئێمە مافی ڤیتۆمان هەیە كە رێگری لە هەمواری دەستوور بكەین، چونكە لیژنەیەكیان پێك هێناوە و سێ كوردی تێدایە، بۆیە هەموارەكە كاریگەری نابێت و سەركەوتووش نابێت و دەستوور وەكو خۆی دەمێنێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، تاوەكو هەڵبژارد دەكرێت، نوێنەرانی پارێزگاكان سەرپەرشتیی پارێزگاكان دەكەن، چونكە بڕیارەكە پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە.
بڵند ئیبراهیم




