٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حكوومەتی هەرێم پشتگیریی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەكات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی، سێ هەفتەیە شاندی هەرێم بەنیازە بێتە بەغدا، بەڵام بە هۆی خراپیی دۆخی عێراقەوە نەهاتووە. دەشڵێ: "ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێم پشتگیری لە حكوومەتی عێراق دەكەین، چونكە ئەوەی دەكرێت لە خۆپێشاندانی ئاشتیانەوە بۆ توندوتیژی گۆڕاوە و لە زۆر شوێن دەزگاكانی حكوومەت لە دەست خۆپیشاندەراندان، ئەمەش مەترسییە بۆ ئەوەی دووبارە داعش سەرهەڵبداتەوە".

 

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "دۆخی عێراق زۆر بەرەو خراپی دەچێت و خۆپیشاندانەكانیش لە ئاشتی دەرچوون و بەرەو توندوتیژی چوون، ئێمەش وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی حكوومەتی عێراق دەكەین، چونكە ئەو خۆپیشاندانانە داواكاریی خەڵك نییە و خەڵكێك بۆ مەرامی سیاسیی خۆی سوودی لێ وەردەگرێت و دەستی دیكەش لە پشتییەوە هەیە".

 

عیسا گوتیشی: "ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە سەقامگیریی عێراق دەكەین، بۆیە پێویستە حكوومەتیش چاكسازی بكات و  گەندەڵی نەهێڵێت و داواكاریی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ بكات".

 

ناوبراو باسی لەوەش كرد، خۆپیشاندان بەردەوامە و لە زۆر شوێن حكوومەت نەماوە و دەزگاكان لە دەست خۆپیشاندەراندان،  هێزە ئەمنییەكانیش پارێزگارییان لێ دەكەن و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، داعش جارێكی دیكە سەرهەڵدەداتەوە.

 

دەشڵێ، سێ هەفتەیە شاندی هەرێم بەنیازە سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بە هۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە نەیانتوانیوە بێنە بەغدا ،چونكە دۆخەكە زۆر خراپە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار