وەزارەتی تەندروستی مانگانە دەرمانی گرانبەھا بە بێ بەرامبەر بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكات

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە مانگانە دەرمان بۆ نەخۆشخانە و بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان دابین دەكات، گوتەبێژی وەزارەتەكەش پشتڕاستی كردەوە، تەنیا لە دوو سەرچاوەوە دەرمان دابین دەكرێت، كە یەكێكیان بەغدایە و زۆر جار ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.
محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە چەندین رێگەوە حكوومەت دەرمان بۆ كەرتی گشتی دابین دەكات، بەڵام لە ئێستادا تەنیا لە دوو سەرچاوەوە دەرمان بۆ ھاووڵاتیان دابین دەكرێت، ئەویش بەشێكی كەمی لە حكوومەتی فیدڕاڵەوە دەگاتە وەزارەتی تەندروستی، كە زۆر جار ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت و سەرچاوەكەی دیكەش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆی دابینی دەكات".
بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مانگانە وەزارەتی تەندروستی پارەیەكی زۆر بۆ كڕینی ھەندێ دەرمان خەرج دەكات و بە بێ بەرامبەر دەیدات بە نەخۆش، چونكە بە ھۆی گرانیی نرخەكەیان لە توانای ھاووڵاتیانی كەمدەرامەتدا نییە بیانكڕن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "پێشتر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھاوكار بوون لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كڕینی دەرمان، بەڵام لە ئێستادا ئەو ھاوكارییە نەماوە.
محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەزارەتی تەندروستی ھەندێ جۆر دەرمانی گرانبەھا لە بازاڕ دەكڕێت و بە بێ بەرامبەر بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشی دەكات، ھەر ئەوەش وای كردووە وەزارەت زیاتر جەخت لەسەر دەرمانی گرانبەھا بكاتەوە، چونكە ئەو دەرمانانەی لە بازاڕدا بەردەستن و بەھایەكی كەمیان لەسەرە، زۆر كێشە نین بۆ ھاووڵاتیان، بەڵام دەرمان ھەیە ھەم نرخەكەی گرانە و ھەمیش بەدەست ناكەوێت بە ئاسانی، بۆیە حكوومەت بێ بەرامبەر دابینی دەكات".
قائید میرۆ




