٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"قەدەغەی بەرھەمی بیانی عەلوەکانیش دەگرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ لەگەڵ گەیشتنی بەرھەمی خۆماڵی، ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکات، بەڕێوەبەرێکی گشتیش لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، ئەو بەرھەمە قەدەغەکراوانە، نابێ لە عەلوەکانیش بفرۆشرێن.


خالس ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵ لەھەوڵدایە بۆ ئەوەی کاریگەریی بەرھەمی بیانی لەسەر بەرھەمی ناوخۆ کەم بکاتەوە و لەوبارەیەوە، چەند ڕێوشوێنێکی پێویست گیراونەتەبەر. لەوانەش، لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆدا ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت، چونکە ناکرێت بەرھەمی جووتیارانی ئێمە لە بازاڕدا ساخ نەکرێتەوە،  بەھۆی ھەبوونی بەرھەمی بیانییەوە."


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بەداخەوە لە کاتی قەدەغەکردنی بەرھەمی بیانیدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بەرھەمی بیانی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ساڵانە تێبینیی ئەوەمان کردووە سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنی بەرھەمی بیانی، کەچی لە بازاڕدا ھەیە."


خالس ئەحمەد جەختی کردەوە: "ئەمساڵ وەزارەت ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتە بەر بۆ قەدەغەکردنی بەرھەمی بیانی و بڕیاریشە چاودێری بخرێتە سەر عەلوەکان و ھەر بەرھەمێکی بیانی ھاوردەکردنی قەدەغەکرا بێت، نابێ لە عەلوەکانیش کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت و بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران  سزای یاسایی دەدرێن."

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار