٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرواری: ئەگەر حكوومەت ھەڵوەشێتەوە، پێكهێنانی حكوومەتێكی دیكە ئەستەم دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نزیكەی مانگێكە خۆپیشاندان ناوچەكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و شرۆڤەكارێكی سیاسیش پێی وایە، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، خەڵكی چاوەڕێی گوزەرانێكی باشتر بوون و دەشڵێ، ئەگەر حكوومەتی ئێستای عێراق ھەڵوەشێتەوە، ئەستەمە عێراقییەكان بتوانن حكوومەتێكی دیكە پێك بێنن.

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەكاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داواكاریی ھاووڵاتیانی عێراق رەوان، چونكە ناكرێت عێراق خاوەنی ئەو ھەموو سامانە زۆرە بێت و ھێشتاش قەرزدار بێت، خەڵكی عێراق دوای رووخانی رژێمی بەعس چاوەڕێی ئەوە بوون داھاتەكەی بۆ خەڵكەكەی بێت و گوزەرانیان باشتر بێت، چونكە حكوومەتی عێراق خاوەن بودجەیەكی زۆر و خزمەتگوزارییەكی كەمە، بە شێوەیەك خزمەتگوزاری لە ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر زۆر باشترە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام مرۆڤ بە ویژادنەوە بڵێت، رەوشی ئێستای عێراق ھی سەردەمی ساڵانی رابردووە نەك كابینەی ئێستای حكوومەت".

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە دەشڵێت: "سەرجەم سەرۆكوەزیرەكانی عێراق، یان بە دەستوەردانی راستەوخۆی دەرەكی دانراون، یانیش بە ناچاری بووە، چونكە لایەنەكان توانای پێكھێنانی حكوومەتیان نەبووە، دانانی عادل عەبدولمەھدیش دوای ئەوە ھات ھیچ كوتلەیەكی پەرلەمانی نەیتوانی كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێنێ و پێشنیار كرا كەسێكی بێلایەنی وەك عەبدولمەھدی بكرێتە سەرۆكوەزیرانی عێراق تا كێشەكان كەمتر ببنەوە، پێموایە تا رادەیەكیش كەسێكی گونجاو بووە بۆ بەڕێوەبردنی حكوومەت".

لە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی كابینەی حكوومەت، بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمە بژاردەیەكی ناتەندروستە، چونكە ئەگەر بێت و حكوومەتی ئێستا لەسەر كار نەمێنێ، زۆر ئەستەمە بتوانرێت حكوومەتی نوێ پێك بێت، ئەگەر حكوومەت پێك نەھات پەنا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەبرێت، ئەوەش ھەم كاتی دەوێت ھەمیش زۆر زەحمەتە ھاووڵاتیانی عێراق بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن، لەبەر ئەوەی بینیمان لە ھەڵبژاردنی رابردوودا لە ھەندێ ناوچەی عێراق تەنیا ٢٠%ی دەنگدەران بەشدارییان ھەبوو، ئەگەر بێت و ھەڵبژاردن بكرێت رێژەی بەشداری زۆر كەمتر دەبێت لە رابردوو".

لەبارەی ھەڵوێستی كوردەوە، عەبدولسەلام بەرواری گوتی: "كورد بەرگری لە كەسێك ناكات وەك شەخس، ھەرچەندە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق كەسێكی باشە، بەڵام كورد كێشەی لەگەڵ ئەو عەقڵییەتە ھەیە كە عێراق بەڕێوە دەبات، ئێمە كە بەرگری لە حكوومەتی عێراق دەكەین، بۆ ئەوەیە، كە دەزانین عێراق بەرگەی كێشەی دیكە ناگرێت، تەنانەت داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ ناكرێن ئەگەر حكوومەتی ئێستا نەمێنێ، چونكە جێبەجێكردنی داواكاریی ھاووڵاتیان كاتی دەوێت و بە چەند هەفتەیەك ناكرێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار