٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری ئاوەدانكردنەوە: كۆتایی ئەم مانگە جووتسایدی هەڵەبجە - سەیدسادق دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی هەڵەبجە-سەیدسادق، پێشتر لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پارەی بۆ تەرخان كرابوو و بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راگیرابوو، بەڵام ئێستا دەست بە پڕۆژەكە كراوەتەوە و وەك وەزیری ئاوەدانكردنەوەش دەڵێ، كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەكە بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و لەبارەی پڕۆژەی جووتسایدی هەڵەبجە- سەیدسادق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕێگای جووتسایدی هەڵەبجە - سەیدسادق تا كۆتایی مانگی 9 تەواو دەبێت و بە ڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە، كە خزمەتێكی گەورە بە ناوچەكە دەكات".

درێژیی جووتسایدی هەڵەبجە – سەیدسادق، 27 كیلۆمەترە، كە نزیكەی 17 كیلۆمەتری جووتسایدە و بەشێك لە ڕێگاكە دەبێتە یەكساید، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، ڕێگای نێوان سلێمانی – هەڵەبجە دەبێتە جووتساید و قەرەباڵغیی ڕێگاوبان نامێنێت.

دانا عەبدولكەریم گوتیشی: "لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبانی هەڵەبجە دەكرێتەوە، تاوەكو باشتر بتوانین بە كاروبارەكانی ڕێگاوبان ڕابگەین".

دەشڵێ: "لە پلانی ستراتیژی وەزارەتدایە، هێڵی شەمەندەفەر بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، كە پارێزگای هەڵەبجەش دەگرێتەوە".

 

عەزیز هەورامی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار