٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار سیوەیلی و شاندێكی قوتابیانی زانكۆكانی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی قوتابیانی دكتۆرا و ماستەر كرد، كە لە زانكۆ جیاجیاكانی ئەڵمانیا لە بواری زانستە رامیارییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێك هاتبوون و بە سەردانێكی مەیدانی و بۆ زیاتر بەرچاوروونی و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئێستای ناوچەكە، هاتبوونە كوردستان.

لە میانەی ئەو دیدارەدا، هۆشیار سیوەیلی تیشكی خستە سەر قۆناغە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەكان و فراوانبوونی پەیوەندییەكان بۆ بوارە جیاوازەكانی دیكە وەكو بازرگانی و ئەكادیمی، ئەمەش هاوكارێكی باشی پرسی كوردستان بووە و هەماهەنگیی زیاتری دروست كردووە بۆ كاركردن و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

سیوەیلی، باسی لە دەرفەت و مەترسییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد و وەڵامی پرسیار و بەدواداچوونەكانی هەندێك لە ئەندامانی شاندەكەی دایەوە.

لەو كوبوونەوەیەدا، بەر پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە وردی باسی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، بەشداربووانی ئەم كابینەیە بە هەستێكی بەرپرسیارانەوە دەبێت مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن و لە گرنگیی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی تێبگەن بۆ پارێزگاریكردن لە دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.

دواتر لەگەڵ شاندە ئەكادیمییەكە، بیروڕا و گفتوگۆ و سەرنجیان ئاڵوگۆڕ كرد سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە بە گشتی و حكوومەتی فیدڕاڵی و وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی.

جێی ئاماژەیە، شاندە ئەكادیمییەكە هەرێمی كوردستانیان بە ناوچەیەكی سەقامگیر و پێشكەوتوو وەسف كرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار