داھاتی ھەرێمی كوردستان دەخرێتە بەردەست پەرلەمانتاران

هەولێر-KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، جەخت لەسەر دامەزراندنی سندووقی نەوت و داھاتەكان دەكەنەوە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێ، ھەموو ھاووڵاتیان لە داھاتی كوردستان سوودمەند دەبن.
جیھاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای یەكلاكردنەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرسی نەوتەوە لێكۆڵینەوە دەكات و ھەموو وردەكارییەكانی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت بۆ خەڵكی كوردستان روون دەكەینەوە، ھەرچەندە ئێستاش شتێكی شارەوا نییە و روونە كە داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان چەندە و چۆن خەرج دەكرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، كە ھاوكات ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتیشە دەڵێت: "لە كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی سامانە سرووشتییەكاندا، جەخت لەسەر دامەزراندنی سندووقی نەوت و داھاتەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەینەوە، ھەم ئێمە لە فڕاكسیۆنی پارتی و ھەمیش لیژنەی سامانە سرووشتییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێت پەلە بكرێت لە دامەزراندنی ئەو سندووقە".
حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە داھاتوودا ھەموو داھاتی ھەرێمی كوردستان دەخرێتە بەردەست پەرلەمانتاران، ھەموو ھاووڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە سوودمەند دەبن لە خێروبێری كوردستان و بە شێوەیەكی شەفاف مامەڵە بە داھاتی ھەرێمی كوردستانەوە دەكرێت".
قائید میرۆ




