٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمەڵەی قوربانیان: داوا‌كارین كابینەی نوێ لێپرسینەوە بكات و خاتری ھیچ كەسێك نەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- بە ھۆی كارەساتی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەی كوردستانەوە، سەدان كەس ھێشتا بەدەست برینەكانی ٣٠ ساڵ لەمەوبەرەوە دەناڵێنن، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاییش دەڵێ، دوو ساڵە پڕۆسەی ناردنەدەرەوەی بەركەوتووان راگیراوە و داواشی لە كابینەی نوێ كرد لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمەكان بكات.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوانەكردنی بریندارانی كیمیابارانی ھەڵەبجە بۆ دەرەوە ماوەی دوو ساڵە دواكەوتووە، كە ژمارەیەكیان لەرێگەی نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییەوە رەوانەی دەرەوە كران و ژمارەیان ٣٣ كەس بوو و ئێستاش كاتی گەڕانەوەیان ھاتووە، ئێمە لەگەڵ وەزیری تەندروستی كۆبووینەتەوە و پێمان راگەیاندوون، پێویستە پەلە بكرێت لە ناردنەدەرەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بۆ نەخۆشخانەكانی دەرەوە، چونكە پێشتر ئەو بریندارانە چوونەتە دەرەوەی وڵات و چارەسەریان وەرگرتووە، ئەگەر بێت و دووبارە نەچنەوە، ئەو خەرجیەشی پێشتر لێیان كراوە، بەھەدەر دەچێت".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە گوتیشی: "ئێمە لە ھەوڵداین برینداران رەوانەی دەرەوە بكرێن بۆ چارەسەركردن ئەوانەی زۆر پێویستیان بە چارەسەرە و دواتر بەدوای میكانیزمێكی گونجاودا دەگەڕێین".

لە ھەرێمی كوردستان بەپێی ئامارە فەرمییەكان نزیكەی ھەزار برینداری بەركەوتەی چەكی قەدەغەكراو ھەن و بەشێكیان بە ھۆی سەختیی برینەكانیانەوە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە.

پەیوەست بە رێككەوتنی ھەردوو وەزارەتی شەھیدان و تەندروستی لەبارەی چارەسەركردنی برینداران، لوقمان عەبدولقادر روونی كردەوە: "فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە بۆ بەڕێكردن و پێداچوونەوە بە لیستی برینداران، بەداخەوە ھیچی لێ جێبەجێ نەكراوە و كەسیش لێپرسینەوەی نەكردووە، تەمانای ئەوە دەكەین كابینەی نوێ ئاوڕ لە برینداران بداتەوە و بڕیاری گونجاو دەربكات و خاتری ھیچ كەسێك نەگرێت لە لێپرسینەوەی كەسانی كەمتەرخەم لە پڕۆسەی چارەسەركردنی بەركەوتووان".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار