مه‌حما خه‌لیل: له‌سه‌ر بێبه‌شكردنی ئاواره‌كان له ده‌نگدان له دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووه

شنگال -KDP.info- ڕاوێژكاری په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی گوتی، حكوومه‌تی عێراق خۆی كه‌مته‌رخه‌مه له نه‌گەڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، بێبه‌شكردنیان له پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش غه‌درێكی گه‌وره‌یه و كۆمسیۆنیان لێ ئاگادار كردووەته‌وه و له دادگای فیدراڵییش سكاڵایان تۆمار كردووه، چونكه دۆخی ئه‌منیی شنگال زۆر خراپه و ئاواره‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه.
مه‌حما خه‌لیل، ڕاوێژكاری په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه ئاواره‌كان ناچار ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان ئه‌گه‌رنا بێبه‌ش ده‌كرێن له ده‌نگدان، غه‌درێكی گه‌وره‌یه، چونكه حكوومه‌تی عێراق خۆی كه‌مته‌رخه‌م بووه له‌وه‌ی ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه و هیچ هاوكارییه‌كی نه‌كردوون و دۆخی ئه‌منییش له شنگال زۆر خراپه و ئاواره‌كان به‌و شێوه‌یه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه و زۆرینه‌ی كوردانی ئێزدیش له ئاواره‌ییدان و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێت، بێبه‌ش ده‌بن له ده‌نگدان."
مه‌حما خه‌لیل گوتیشی: "وه‌كو ناڕه‌زایه‌تی دژی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه، به‌یاننامه‌یه‌كمان بۆ ڕای گشتی بڵاو كردووەته‌وه و كۆمسیۆنیشمان ئاگادار كردووەته‌وه كه ئاواره‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه و له دادگای فیدراڵییش سكاڵامان تۆمار كردووه بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه جێبه‌جێ نه‌كرێت."
بڵند ئیبراهیم




