٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنەكەسە: نزیكەی 40 بارەگامان لە لایەن پەیەدەوە داخراون

سەرچاوە: KDP.info

 

ڕۆژئاوای كوردستان -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەیەدە بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادات ئەنەكەسە بارەگاكانی خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان بكاتەوە و دەشڵێ، نزیكەی 40 بارەگایان داخستوون و داگیریان كردوون. هەروەها ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگرانیشیان دەستگیر كردوون، بۆیە دەنگۆی ڕێگەدان بە كردنەوەی بارەگاكانیان بە پڕۆپاگەندەی ڕاگەیاندن ناو دەبات.

 

پەیەدە بڵاوی كردووەتەوە، كە داوا لە ئەنەكەسە دەكەن بێن لە ڕۆژئاوای كوردستان بارەگاكانی خۆیان بكەنەوە و چالاكیی سیاسی ئەنجام بدەن، لە بەرانبەردا بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان، نەواف حەسەن، بۆ  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیەدە ڕاست ناكات و ئەو دەنگۆیانە تەنها بۆ پڕۆپاگەندەی ڕاگەیاندن بڵاو دەكاتەوە، ئەگەرنا ڕێگە بە كردنەوەی بارەگاكانی ئێمە نادات و داوا دەكات بچین مۆڵەت لە ئەوان وەرگرین و دان بە ئەواندا بنێین و لەژێر دەستی ئەواندا بین، ئێمەش ئەو كارە ناكەین، بۆیە بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادەن بارەگاكانی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەینەوە".

بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان گوتیشی: "پەیەدە سەرجەم بارەگاكانی ئێمەی داخستووە و داگیری كردوون، كە نزیكەی 40 بارەگا دەبن و ئەگەر ڕاست دەكەن با سەرەتا بارەگاكانمان ڕادەست بكەنەوە و دواتر ئێمە خۆمان بارەگاكان دەكەینەوە، بەڵام ڕادەستیان ناكەنەوە".

حەسەن ڕوونیشی كردەوە: "جگە لە بارەگاكانمان، تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگرانی ئێمەش لە زیندانەكانی پەیەدەدان و ئامادە نین ئازادیان بكەن و بەشێكیشیان چارەنووسیان نادیارە".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار