تاڵەبانی: بارودۆخی كەركووك لە بەرژەوەندیی كوتلە بەھێزەكانی پەرلەمان و حكوومەتە.. بڕیارێكی لەم جۆرە نادەستوورییە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایدەگەیەنێت، دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، لە كەركووك شتێك بە ناوی یاساوە نییە، ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت، نادەستوورییە. دەشڵێت، بارودۆخی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستا لە بەرژەوەندیی كوتلە بەھێزەكانی پەرلەمان و حكوومەتە.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخرا، سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاش، رێبوار تاڵەبانی، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، شتێك نییە ناوی یاسا بێت لە پارێزگای كەركووك، ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت، لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە نادەستوورییە، چونكە سەرپێچیی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكە.
پێوەست بە دواقۆناغەكانی ئاساییكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، رێبوار تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەی ئەنجومەن ماوەتەوە سەر بارودۆخی كەركووك، ئێمە دوای ١٦ ئۆكتۆبەر گوتوومانە بارودۆخی كەركووك نادەستوورییە، ھەر بۆیە داوامان لە حكوومەتی ناوەند كردووە، ئەو بارودۆخە ئاسایی بكاتەوە.
ناوبراو نایشارێتەوە، كە تاوەكو ئەمڕۆ ھەنگاوی جیددی نەنراوە لە لایەن حكوومەتی ناوەند و پەرلەمانی عێراق، وەك خۆی دەڵێت، بارودۆخەكە بەم شێوەیە لە بەرژەوەندیی كوتلە بەھێزەكانی پەرلەمان و حكوومەتە، چونكە نایەنەوێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێـتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی ھەندێك لایەنی سیاسیی عێراقە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك كردووە، كە سەرجەم ئەو ئەفسەرە كوردانە بانگ بكرێن كەوا بەشدارییان لە پرۆسەی بەرێوەچوونی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و دەنگیان بە بەڵێ داوە.
بۆ ئەم پرسە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێت، ئازادیی سیاسی بۆ ھەموو تاكێكی عێراقە، رێگاشی بە ھەموو كەسێك داوە بە ئازادی ڕای خۆی دەرببرێ، لەسەر ھەر بابەتێك كە بیەوێت، ئەگەر بڕیارێكی لەم جۆرەش ھەبێت، نەك هەر نایاسایی نییە، بەڵكوو نادەستوورییشە، ئەگەر بڕیارێكی لەو جۆرەش بدرێت، ئێمە دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە.
لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە چوو، لە دەنگدانەكەشدا ھاووڵاتیان لەسەدا ٩٢.٧٣ بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دا.
ھەڵكەوت محەمەد




