ھەولێر بۆ وەرزی زستان پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ھەوڵەكان بەردەوامن تا بۆ وەرزی زستان نەوت بۆ ھاووڵاتیان دابین بكرێت. دەشڵێ، ھەولێر پێویستی بە سەد ملیۆن لیتر نەوتە و ئەوەشی لە بەغدا دێت، زۆر لەوە كەمترە.
نافیز ناوپردانی، سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی فیدڕاڵ بەشەنەوتی سپی بۆ ھەر پارێزگایەكی ھەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەڵام ئەو نەوتەی لە بەغداوە دێت، بڕەكەی وەك پێویست نییە و تەنیا بەشی ھەندێ فەرمانگەی حكوومەت و ناوچە شاخاوییەكان دەكات، تەنھا پارێزگای ھەولێریش پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە، ئەگەر ھەر خێزانێك بەرمیلێك نەوتی بەسەردا دابەش بكرێت".
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت: "ئەو بڕەنەوتەی بەغدا دەیداتە پارێزگای ھەولێر، تەنھا ٣٥٠ تا ٤٠٠ ھەزار لیترە لەگەڵ ئەوەی ناوخۆ، كە ئەوەش بەشی ھاووڵاتیان ناكات و چەند ساڵێكە ھاووڵاتیانی ناوشار و دەوروبەری بێبەشن لە بەشەنەوتی حكوومەت".
لەبارەی ھەوڵەكانی ئەنجومەن بۆ دابینكردنی نەوت و بەنزین، ناوپردانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا چەندین جار نووسراومان ئاراستەی بەغدا كردووە بۆ دابینكردنی نەوت و بەنزین بۆ ھاووڵاتیان، تا بە نرخی حكوومەت دابەش بكرێت ".
قائید میرۆ




