یەكێتیی مامۆستایان: لە هەوڵی بەردەوامداین مامۆستایانی گرێبەست بكەینە هەمیشەیی

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی چاكسازی و یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێمە لە بودجە و هەر كاتێك یەكلا كرایەوە، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم ئامادە دەكرێت و هەوڵ دەدرێت بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە مامۆستایانی گرێبەستیش لە ساڵی داهاتوودا دامەزرێنرێن.
ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لە ئێستادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی چاكسازی و یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ بەغدا و هەر كاتێك ئەو كارانەی ئەنجام دا، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە دەكات، چونكە لە ئێستادا پارەی پێویستی لە بەردەستدا نییە بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست دامەزرێنێت".
گەرمیانی گوتیشی: "ئێمە و وەزارەتی پەروەردەش بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی و هەوڵ دەدەین لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا شوێنیان بۆ بكەینەوە و ببنە هەمیشەیی".
بڵند ئیبراهیم




