٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP: هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتی، داعش بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر عێراق و لە هەموو ناوچەكان بوونیان هەیە. دەشڵێ، هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆ تەعداكردنی هێزە عێراقییەكان لە خەڵك دەگەڕێتەوە و ئەوانیش وەكو كاردانەوە دەبنە داعش.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، مەترسیی داعش لەسەر عێراق بەردەوامە و ئەو تاكتیكەی كە ئێستا داعش بەكاری دێنێت، زۆر مەترسیدارترە لەوەی پێشووتر، چونكە پێشتر داعش دیار بوون و ئێستا نادیارن، لە ئێستاشدا داعشەكان بە رۆژ كاری ئاسایی خۆیان دەكەن و هاووڵاتیی ئاسایین و بە شەو داعشن، بەڵام پێشتر شێوەیان دیار بوو و ئاشكرا بوون و دەستگیر دەكران، وەلێ ئێستا بەو شێوەیە نین و هەر شەوی ڕابردوو لە سامەڕا فەرماندەیەكیان كوشتووە و چوار سەربازیشیان بریندار كردووە، هەروەها لە ئەنبار بوونیان هەیە و لە دیالەش چەندین گوند لە ترسی داعش چۆڵ كراون، بۆیە لە زۆرینەی عێراق بڵاوەیان پێ كراوە و رێكخراوێكی زۆر مەترسیدارن.

زێباری گوتیشی، حكوومەتی عێراق بە هەموو توانای خۆی رووبەڕوویان دەبێتەوە و ناتوانێ بنبڕیان بكات، چونكە شێوەی كاری داعش گۆڕاوە و تەنها یەك رێگا هەیە بۆ نەهێشتنی داعش، ئەویش ئەوەیە  هێزە عێراقییەكان ئاشتەوایی لە نێوان خۆیان و خەڵكدا بكەن، چونكە هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هێزە عێراقییەكان تەعدا لە هاووڵاتیان دەكەن، ئەمەش وای كردووە خەڵك وەكو كاردانەوە ببێتە داعش.

سوپاسالاری پێشووی عێراق باسی لەوەش كرد، بۆ ناوچە كوردستانییەكانیش پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونكە بە بێ بوونی پێشمەرگە ئەو ناوچانە ئارام نابن، بۆیە پێویستە رێككەوتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە بكرێت، لەبەر ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەگەرنا ناتوانن لەوێ بمێنێن و ناوچەكانیان چۆڵ دەكەن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار