٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

برۆ: لەگەڵ راگەیاندنی ناوچەی ئارام، ئەنەكەسە و لەشكری رۆژ دەگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- لە ئێستادا زیاتر لە ھەموو كات باس لە راگەیاندنی ناوچەی ئارام دەكرێت لە سووریا، بەرپرسێكی كوردیش ئاشكرای كرد، لەگەڵ ئەمەریكا دانوستانیان ھەیە لەبارەی ناوچەی ئارام و دەشڵێ، ئەمەریكا خوازیارە خەڵكی ناوچەكە ئیدارەی خۆیان بكەن.

ئیبراھیم برۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژانی رابردوو ئێمە وەك ئەنجومەن لەگەڵ ئەمەریكا دانوستانمان كردووە لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، ئەمەریكاییەكان پێیان راگەیاندین، كە لەگەڵ توركیا لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ راگەیاندنی ناوچەی ئارام، بەڵام نەیانشاردەوە ھێشتا بۆچوونی جیاوازیان زۆرە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەریكا و توركیا لەسەر رووبەری ناوچەی ئارام جیاوازییان ھەیە".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئەنەكەسە گوتی: "توركیا رازی نییە بەوەی ھێزەكانی قەسەدە و پەیەدە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی دەكەونە چوارچێوەی ناوچەی ئارام، ئیدارە و ئەنجومەنی سەربازی قەبووڵ ناكرێت لەو سنوورە بوونی ھەبێت، ئەگەر رێككەوتن ھەبێت باشترە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچەكە، چونكە مەترسیی بەرپابوونی شەڕ ھەیە لە ناوچەكەدا، ئەگەر ناكۆكیی نێوان ئەمەریكا و توركیا كۆتایی نەیەت، ئەوە مەترسیی پێكدادان ھەیە لە ناوچەكەدا".

برۆ دەشڵێت: "ئەنجومەنی نیشتیمانیی كوردی لەگەڵ راگەیاندنی ناوچەی ئارام، بە ھێزی سیاسی و سەربازی دەگەڕێینەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، واتە لایەنە سیاسییەكان و لەشكری پێشمەرگەی رۆژ دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئێمە رۆڵێكی باش دەبینین لە ناوچەكە و دەرفەت بە ھێزی بیانی نادەین بێنە ئەو سنوورە و كەڵك لە ناوچەی ئارام وەربگرن، ئەنەكەسەش توانای ئیدارەدانی ناوچەی ئارامی ھەیە".

پەیوەست بە بۆچوونی ئەمەریكا بۆ ئیدارەدانی ناوچەی ئارام، ئیبراھیم برۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمەریكا دەیەوێ هەم مەترسییەكانی توركیا لە بەرچاو بگرێت، ھەمیش خەڵكی ئەو ناوچەیە ئیدارەی خۆیان بكەن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار