كازم نامیق: كار بە دۆلاری كۆن ناكرێت.. دەبێ هێزە ئەمنییەكان چارەسەری بكەن

هەولێر-KDP.info- ماوەیەكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵە بەو دۆلارانەوە ناكرێت كە كۆنن و هی ساڵانی 1996 و 2012ـن، ئەمەش هاووڵاتیانی دووچاری زیان كردووە لە گۆڕینەوەی پارەكانیان.
ئەو دۆلارانەی لە بازاڕ و فرۆشگاكانیش وەرناگیرێن، دەرفەتێكی باشی بۆ هەندێك كەس ڕەخساندووە كە ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن، بە جۆرێك ئەو 100 دۆلارییە كۆنانە بە نرخێكی هەرزانتر لە دۆلاری نوێ دەكڕنەوە.
جەمیل سەعدی، كە زیاتر لە 18 ساڵە مێزێكی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو داناوە، دەڵێت: "ئێمە ئەو جۆرە 100 دۆلارییە كۆنانە بە نرخی 115 بۆ 117 هەزار دینار دەكڕینەوە، كە 3 هەزار دینار لە دۆلاری نوێ كەمترە".
ئەو هەروەها دەشڵێت: "خەڵكێكی زۆر ڕۆژانە دێن بۆ گۆڕینەوەی پارەكانیان، چونكە لە ماركێت و بازاڕ لێیان وەرناگرن، بۆیە بە ناچاری بە ئێمەی دەفرۆشنەوە".
گوتیشی: "ئێمە ئەو دۆلارانە كۆدەكەینەوە و دەیفرۆشینەوە بانكەكان، كە لە بانكە حكوومییەكان لێمان وەردەگرنەوە".
لە بەرامبەردا، هەژار كەریم، كە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە، ئاماژەی دا: "ئێستا لەناو قاسەكەم 20 دەفتەر دۆلار هەیە، كە بڕوا ناكەم دوو دەفتەری تازە بێت و هەمووی دۆلاری كۆنە و مامەڵەشی پێوە دەكەین".
هەژار كەریم، دەشڵێت: "ئەوەی ئەو بەزمەی دروست كردووە، ژمارەیەك كەسن، كە مێزیان داناوە و خەڵك دەخەڵەتێنن، ئەوەش تەشەنەی كردووە، بۆیە لە بازاڕ و ماركێتەكانیش زۆر بە دەگمەن وەردەگیرێت و كاری پێ ناكرێت".
لە مامەڵەی ئۆتۆمبێلیشدا كار بە دۆلاری كۆن ناكرێت
ڕەنۆ فایەق، خاوەنی پێشانگای "ڕەنۆ" بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رایدەگەیەنێت: "ماوەی زیاتر لە مانگێكە بە هیچ شێوەیەك كار بە دۆلاری كۆن ناكەین، چونكە لە وڵاتی ئیماڕاتیش لـە ئێمەی وەرناگرن".
دەشڵێت: "جگە لە دۆلاری كۆن، كار بە پارەی عێراقییش ناكەین، چونكە ئێمە كە ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەین، بە دۆلار دەیكڕین، بۆیە ناتوانین كار بە پارەی عێراقی بكەین".
بانكە حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان هەرچەندە كەس دۆلاریان بۆ نابات، بەڵام ئەگەر دۆلاری كۆنیش بچێتە لایان كاری پێدەكەن.
كازم نامیق، بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "خەڵك دۆلارمان بۆ بهێنێت، با هەمووی كۆنیش بێت وەریدەگرین و كێشەمان لەگەڵ دۆلاری كۆندا نییە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا: "بانكە ئەهلییەكان كار بە دۆلاری كۆن ناكەن، ئێمەش لەوە ئاگادارین، كە بێگومان ئەوەش وای كردووە لە بازاڕ كاری پێ نەكرێت، بۆ ئەوەش هێزە ئەمنییەكان دەبێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، چونكە خەڵكێكی زۆر هەیە دۆلاری كۆنی پێیە و ناتوانێ كاری پێ بكات".
ماردین محەممەد




