٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەموو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە ئازادن لە گەڕانەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر- KDP.info - ڕۆژی 28/8/2019 ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسەر زاری بەرپرسی توێژینەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە بە سەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر دەگەڕێنرێنەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە حەویجە سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەو شوێنانە.

 

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان پاش ڕزگارکردنیان لە دەستی داعش، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: "هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێننەوە سەر شوێنەکانی خۆیان لە هەمان کاتدا ڕێگریش نین لە گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لەو گوندانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون، دەکەونە هێڵەکانی پێشەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویستەوە، وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا گەڕانەوەیان لە ئێستادا ئەستەمە.

 

زێباری ئاماژەی بە سازکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و لەم بارەیەوە گوتی: "سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبایان بۆ دابین بکرێت، ئینجا بگەڕێنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە هەن و بۆ ڕەوشی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە مەترسییان ناوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ ژیان یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگرییەکانە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان".

 

د. دیندار زێباری گوتیشی: "دانیشتووانی هەندێک لە گوندەکانی نەینەوا و ناوچەکانی ترى ماددەی ١٤٠ بەشێکی خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، هۆکاری سەرەکیش بوونی مینی چێندراو، بوونی شەڕی تایفی و، نەبوونی خزمەتگوزارییە لەو ناوچانە، بەڵام لە هەندێک لە گوندەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا کە بارودۆخ بۆ گەڕانەوە لەبارە، سەرەڕای ئەمانەش بەپێی ڕاپۆرت و داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و شەشسەد هەزار ئاوارە نەگەڕاوەنەتەوە سەر زێدی خۆیان، کە ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە بەهۆی کەمیی کۆمەکەوە، یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمیان کردووە و ئەو ئاوارانەش پێویستیان بە هاوکاریی زیاتر هەیە."

لە درێژەی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "ئەو ئاوارانەی کە ناوچەکانیان بۆ ژیان دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە کە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."


لە کۆتاییی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "هەموو ئاوارەکان لە هەرێم ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، جگە لەو کەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، کە ئەوانیش بەپێی یاساکانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

 

هەواڵی پەیوەندیدار