٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆگر چەتۆ: ھەڵبژاردن لە كەركووك و شنگال و خانەقین بێ كێشە نابێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە رۆژی ٢٠ی نیسانی ساڵی داھاتوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، چاودێرانیش لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بەگومانن، ئەویش بە ھۆی رەوشی ئاڵۆزی ئەو ناوچانەوە، شارەزایەكی ھەڵبژاردنەكانیش نایشارێتەوە، لە ھەندێ ناوچە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بێ كێشە نابێت و دەڵێ، حزبێك بارەگای داگیر كرابێت، چۆن دەتوانێت بە ئاسانی لە ھەڵبژاردندا بەشدار بێت.

ھۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ناوچەكانی عێراق بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئاساییە، بەڵام ھەندێ ناوچە ھەنە وەك پارێزگای كەركووك و قەزای شنگال و ناوچەكانی خانەقین و مەندەلی، كێشەیان تێدا ھەیە و رەوشەكەیان گونجاو نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، ئەم شوێنانەی لێ دەرچێت كە ئاڵۆزییان تێدایە، ناوچەكانی دیكەی عێراق بنكەكانی ھەڵبژاردن بە ئاسایی بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە".

رێكخەری تۆڕی شەمس ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پڕۆسەی ھەڵبژاردن پێویستی بە كەشێكی ئارام ھەیە، تا ھەموو ھێز و قەوارەكان بە ئاسانی بتوانن پڕوپاگندە بۆ ھەڵبژاردن بكەن و بە ئاسانی بگەنە دەنگدەرەكانیان و بچنە سەر سندووقی دەنگدان و بتوانن بە بێ گرفت دەنگی خۆیان بدەن.

چەتۆ دەشڵێت: "ئەو رێكارانەی باسم كرد، زەحمەت دەبێت بۆ ھەندێ ھێزی سیاسی، كە بارەگاكانی داگیر كرابێت و نەتوانێت وەك پێویست پڕوپاگندە بكات و چاودێر لەسەر سندووقەكانی دەنگدان دابنێت، بۆ نموونە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ھێزێكی سیاسیی گەورە نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركووك و ئەمەش بە شێوەیەك كاریگەری لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار