ئاسایشی هەولێر تیرۆریستەکەی کەمپی دیبەگەی دەستگیر کرد

هەولێر-KDP.info- ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، داعشێکیان دەستگیرکردووە، کە تاوانبارە بە سەربڕینی هاووڵاتییەکەی کەمپی دیبەگە، هاوکات دانیشی بەوەدا ناوە کە چەند کەسێکی دیکەیشی لەگەڵ بووە.
له راگه‌یه‌ندراوێکی ئاسایشی هه‌ولێردا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ئاماژه به‌وه‌كراوه، له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌دا، كه‌سێكی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵیان ده‌ستگیركردووه، كه سه‌ر به رێكخراوی تیرۆریستی داعشه و له‌گه‌ڵ ٤ كه‌سی دیكه‌دا هاووڵاتییه‌كیان سه‌ربڕیوه.
ئاسایشی هه‌ولێر ناوی تیرۆریستەکەش ئاشكرا ده‌كات، كه ئەحمەد خه‌لیفە ئەحمەد مەتەر کوخانی له‌دایكبووی ٢٠٠٤ه و له‌گه‌ڵ ٤ كه‌سی دیكه و له‌سه‌ر راسپارده‌ی داعش، هاووڵاتییه‌كیان به ناوی یوسف عامر محه‌مه‌د سه‌ربڕیوه، سه‌رجه‌میشیان نیشته‌جێی كه‌مپه‌كه‌ن.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر:
"راگەیاندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
بەرەبەیانی شەوی ڕابردوو 1/9/2019 ڕووداوێکی کوشتن لەکامپی ئاوارەکانی ناحیەی دیبەگە ڕوویدا، کەتیایدا هاووڵاتیەکی دانیشتووی کەمپەکە بەناوی (یوسف عامر محه‌مه‌د) كه له بنه‌ڕه‌تدا خەڵکی دەوروبەری قەزای شەرگاتە، بەسەر بڕاوی دۆزرایەوە.
دوای گەیشتنی هەواڵەکە بە ئێمە تیمەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەرێوەبەرایەتیمان هەڵسان بە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە و لە ئەنجامدا توانرا یەکێكک لە تاوانباران بەناوی (ئەحمەد خه‌لیفە ئەحمەد مەتەر کوخان) له‌دایكبووی 2004، دانیشتووی کەمپەکە دەستگیر بکرێت.
تاوانبار دانیناوە بەوەی سەر بە تیرۆرستانی داعشە و لەگەڵ چوار تیرۆرستی تر هەڵساون بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەسەر راسپاردەی داعش.
تاوانبار بەماددەی 4ی تیرۆر بەندە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ دەکرێت و بەدواداچوونیش بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی تر بەردەوامە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
1/9/2019"
خێڵان بەختیار




