دلێمی: لە رۆژانی داهاتوودا شاندی هەرێم دەگاتە بەغدا.. پشكی هەرێم یەكلا دەكرێتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، گۆڕانكارییەكی زۆر لە هەڵوێست و روئیای بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشەكان رووی داوە و ئێستا هەڵوێستیان زۆر ئەرێنییە. دەشڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا شاندی حكوومەتی هەرێم دەگاتە بەغدا و پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە یەكلا دەكرێتەوە.
ئیخلاس دلێمی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوو لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تەنها هەوڵ بۆ دابینكردنی مووچە دەدرا ، بەڵام ئەمساڵ بودجە زۆر بە شێوەیەكی جیاواز ئامادە كراوە و جەخت لەسەر هەموو سێكتەرەكان كراوەتەوە، وەكو كەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و هەموو كەرتەكانی دیكە، چونكە گۆڕانكاری رووی داوە و ئێستا دۆخی ئابووریی عێراق لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر باشترە.
دلێمی گوتیشی، لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا گرنگی بە پشكی هەرێمی كوردستان نەدەدرا و بەردەوام بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگیرا، كە گوایە نەوت رادەست ناكات، بەڵام ئێستا روئیایەكی نوێ هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان و گۆڕانكاریی گەورە لە را و هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم روی داوە، بۆیە گەشبینین ئەمساڵیش لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە بگەنە رێككەوتن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە بەغدا و گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێمەوە بكەن و بگەنە رێككەوتن و ئەو كێشەیەش یەكلا بكەنەوە.
دەشڵێ، راستە باس لەوە دەكرێت باشترە هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە رێككەوتنێكی چوار ساڵی بكەن، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجە ساڵانەیە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەر نرخی نەوتدا دێت، بۆیە دەشێ ساڵانە ئەو رێككەوتنەی دەكرێت نوێ بكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی دا ، لە مانگی شەشەوە حكوومەت ئامادەكاری بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەكات و تاوەكو ئێستا 15 كۆبوونەوەی لەبارەوە كراوە و بڕیارە پێش مانگی 10 پڕۆژەیاساكە بگاتە پەرلەمان و پێش كۆتایی ساڵیش لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت، تا ئەو كاتەش پشكی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆژەیاسایە یەكلا دەكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




