زیاتر لە 252 هەزار خەڵكی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان دەژین
__2019_08_31_h17m15s48__HK.jpg)
هەولێر - KDP.info - ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد دەڵێ، سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتیوانی حزبە كوردییەكان بووە و ئەوەی لە توانایدا بووە، كردوویەتی. هەرێمی كوردستان دەرگای بە ڕووی خەڵكی ڕۆژئاوادا كردووەتەوە، كە ئێستا زیاتر لە 252 هەزار خەڵكی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان دەژین، كەواتە هەرێم زیاتر لە توانای خۆی هاوكاریی ڕۆژئاوای كردووە.
جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕەوشی ڕۆژئاوا زۆر خراپە و ڕۆژئاوای كوردستان لە سایەی سیاسەتی هەڵەی پەیەدەوە خەریكە نامێنێت، ڕەوشی خوێندن خراپە، ڕەوشی ئابووری ڕۆژ بۆ ڕۆژ خراپ دەبێت، هەبوونی ناوچەیەكی ئارام لەو ناوچەیە تا ئێستا دیار نییە بۆ چییە و تا چەند لە بەرژەوەندیی كورددایە، بەڵام دەبێ لە سووریای نوێدا كورد بە مافەكانی خۆی بگات."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد دەشڵێ: "لەو ڕۆژەی كە شۆڕشی سووریا بەرپا بوو، هەرێمی كوردستان پشتگیریی ئێمەی كردووە و دەرگای بە ڕووی خەڵكی ڕۆژئاوادا كردووەتەوە، كە ئێستا زیاتر لە 252 هەزار خەڵكی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستانن و لە 9 كەمپدا دەژین، سەرەڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ داعش كەوتە ناو شەڕێكی گەورەوە و، حكوومەتی عێراق بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، بەڵام هەرێمی كوردستان گوێی بەو شتانە نەدا و بەردەوام هاوكاریی خەڵكی ڕۆژئاوای كردووە، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتیوانی حزبە كوردییەكان بووە و ئەوەی لە توانایدا بووە كردوویەتی، بۆیە ئەوەی پێویست بووە كراوە و هەرێمی كوردستان بەردەوام هاوكاری و یارمەتیی پێشكەش بە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە و ئەوەی لە توانای هەرێمی كوردستاندا بووە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كردوویەتی، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی دەكەین و پشتگیری و هاوكارییەكانی بەرز دەنرخێنین و هەرێمی كوردستان زیاتر لە توانای خۆی هاوكاریی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە".
جەختی لەوەش كردەوە: "لەو ڕۆژەی كە پەیەدە دەسەڵاتی لە ڕۆژئاوا گرتووەتە دەست و بووەتە نوێنەری ڕژێمی سووریا لەو بەشەی كوردستان هەتا ئێستا زیندانەكانی ئەوان بەتاڵ نەبوونە لە ئەندام و لایەنگران و سەركردەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد، چەكدارانی داعش هەندێك جار هەندێك كەس لەبەر هەندێك لایەنی دیكە ئازاد دەكەن، بەڵام بەداخەوە پەیەدە كەس ئازاد ناكات، ئێستا 14 ئەندام و سەركردەی ئێمە لە زیندانەكانی ئەواندان".
ڕابین شێروانی




