"گۆڕانکاری لە ئیدارەی پارێزگای دھۆکدا دەکرێت"

دهۆک-KDP.info- بڕیارە پڕۆسەی گۆڕانکاری لە حکوومەتە خۆجێیەکانی ھەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت و لەو چوارچێوەیەدا لە پارێزگای دھۆک پارێزگار و زۆربەی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی یەکەی ئیداریی سنووری پارێزگای دھۆک بەر گۆڕانکارییەکە دەکەون. بەرپرسێکی پارتییش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پڕۆسەی گۆڕانکاری، دەڵێ، ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستبەکاربوونی ھەندێ بەرپرسدا تێ پەڕیوە و کاتی گۆڕانکاری ھاتووە.
فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە، بڕیار وایە لە ئیدارەی پارێزگای دھۆک گۆڕانکاری بکرێت، چونکە ئەمە پلانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی گۆڕانکاری دیاری نەکراوە، کە کەی بەڕێوە دەچێت، نەک لە پارێزگاکان، بەڵکو ھەموو جۆمگەکانی حکوومەت دەگرێتەوە."
خالد ئەحمەد، کارگێڕی لقی یەکی پارتی لە دھۆکیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە: "بەھۆی ئەو ڕەوشەوە کە لە شەڕی داعش و قەیرانی داراییدا بەسەر ھەرێمدا ھات، ھەندێ گۆڕانکاری لە وادەی خۆیان دوا کەوتن، دەبوایە پێشتر ئەو گۆڕانکارییانە بکرایەن و بە شێوەیەکی نۆڕمال پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت."
فەھیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر گۆڕانکارییەک بکرێت، ئەو پلانانەی تایبەتن و بەگوێرەی یاسا دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، ئەوە ناوەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا ڕەوانە دەکرێن و لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکدا بەڕێوەبەر و بەرپرسانی یەکەی ئیداری ھەڵدەبژێردرێن."
خالد ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە ئومێدمان ھەیە لە ماوەکانی داھاتوودا گۆڕانکاری لە ھەموو ئورگانەکانی حکوومەتدا بکرێت و ھیوادارین کەسانی پسپۆڕ، شارەزا دابنرێن و دڵسۆزیی ئەو کەسانە لەبەر چاو بگیرێت کە دێنە نێو پڕۆسەکەوە، چونکە گۆڕانکاری نابێ تەنیا لەپێناو گۆڕینی کەسەکاندا بێت، بەپێچەوانەوە دەبێ بە پلان گۆڕانکاری بکرێت و لەپێناو خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەپێی بەرنامە، ئاراستەکە بەرەو ئەوەیە کە پارێزگاری دھۆک و زۆربەی بەرپرس و بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە بگۆڕدرێن و دەموچاوی نوێ بێنە پێشەوە."
قائید میرۆ




