٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شانشینی نەرویج گرنگی بە پێشكەوتنی سیاسی و دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شانشینی نەرویج، بە ڕاسپاردنی نێردەی تایبەتی وڵاتەكەی و وەزارەتی دەرەوە بۆ سووریا و عێراق بەڕێز كنوت لێنی و شاندێكی یاوەری، كە پێك هاتبوون لە بەڕێزان ڕۆئار هاوگسدال، جێگری باڵیۆزی وڵاتی شاهانەی نەرویج لە عەممان و بەغدا و خاتوو ماریە تیگێ، ڕاوێژكاری پێشكەوتووی باڵیۆخانە، بە مەبەستی ئاشنابوون بە پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەڵسەنگاندنی بارۆدۆخی سیاسی و ئەمنی و مرۆیی، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و  لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان پرسە گرنگەكانی ناوچەكە و عێراق و بە تایبەتی هەرێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ستافی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشوازییان لە نێردەی تایبەتی شانشینی نەرویج و شاندی یاوەری كرد و سوپاس و ستاییشی گرنگیدانی شانشینی نەرویج و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان كرد لە چاودێریكردنی دۆخی هەنووكەیی عێراق و سووریا و گرنگیدانیان بە   پێشكەوتنی سیاسی و دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی دوای داعش و فراوانكردنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی شانشینی نەرویج لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

لە دیدارێكی سیاسیدا، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لە دیدگای سیاسی و ستراتیژی (پ.د.ك)  پرسە گەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانی سووریا و پەیوەندییە سیاسی و پرسە دەستوورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڕەشە و مەترسییەكانی بەردەوامی تیرۆر و داعش و حەشدی شەعبی لەسەر هەرێم و لە ناوچە جێناكۆكەكان و بە تایبەتی ئەوكێشە ئەمنی و پێشێلكارییانەی دەستوور كە لە دوای كۆتاییهاتنی داعش لە كەركووك و مووسڵ و شنگال هاتوونەتە كایەوە و ململانێی تازە لە ناوچەكەدا بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەوە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و كاریگەرییەكانی سەرهەڵدانی  قەیرانی ئابووری و ئاسایش دوای پەرەسەندنی قەیرانی سیاسیی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و گرفتی ئاوارە و پەنابەران كە سەرەڕای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش  و گرفت لە هاوكارییەكانی مرۆیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پرسی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، هۆكاری بنەڕەتیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شەڕ بووە بۆ ناوچەكانی پێشوویان و بە تایبەتی هەڵسوكەوتی میلیشیاكان لە بەرامبەر پێكهاتەكانی ئایینی و ئیتنی و نەبوونی سەقامگیری و خزمەتگوزاری و ئاواداننەكردنەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) سوپاس و ستاییشی ڕۆڵی  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی كرد لە بنبڕكردنی تیرۆر لە ناوچەكەدا بە پشتیوانی هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستان و پێویستیی بەردەوامیدان بە پشتگیریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئەگەر و مەترسیانەی لە ناوچەكەدا سەریان هەڵداوە، كە دوای نەمانی داعش هێزەكانی میلیشیا لە عێراق بەرامبەر بە هەرێم و خەڵكی سڤیل لە ناوچە جێناكۆكەكان پەیڕەو دەكات و بە شێوەیەكی فراوانیش مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێڵ دەكرێت و توانای بەرگری لە بەرامبەر پاشماوەكانی داعشیان نەماوە، هەر بۆیە هەرێمی كوردستان خوازیاری گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و بە هاوبەشی ئیدارەكردنی كەركووك و شوێنەكانی تر، تا ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی و ئاساییكردنەوەی باری ئەمنی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە، كە خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان پێی ڕازی بن.

 

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پرسی پەیوەندییەكانی ناوخۆیی نێوان پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هاوكاری و كاركردنیان لە پەرلەمان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی تری هەرێم بە ئاراستەی بنیادنانی كوردستانی بەهێزتر و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی كوردستان و چەندین بابەتی جێی بایەخی نێوان شاندی شانشینی نەرویج و پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فراوانی خرانە ڕوو.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارەكەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی شاهانەی نەرویج و ئەو پەیوەندییانەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لەگەڵ دامەزراوەكانی نەرویجیدا بنیادی ناوە كرد و خواستی برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ شاهانەی نەرویج و دامەزراوەكانی حكوومی و حزبی و پەرلەمانی تاووتوێ كران و داوای لە نێردەی تایبەتی شاهانەی نەرویج و وەزارەتی دەرەوەی  نەرویجی كرد بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نیوان كوردستان و نەرویج كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێری پایتەخت بكەنەوە.

بەڕێز كنوت لێنی، نێردەی تایبەتی شاهانەی نەرویج و وەزارەتی دەرەوەی نەرویجی، شیكردنەوەیەكی واقعبینانەی بۆ قەیرانی سووریا و پرسەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و سیاسەتی وڵاتەكەی بۆ هێنانەدیی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە لە دوای نەمانی داعش و  پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی مرۆیی و هێنانەدیی ئاشتەوایی و بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە حوكمڕانی و دامەزراوەكانی عێراقدا بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە دەستوورییەكان جێی بایەخی وڵاتی شاهانەی نەرویجە.

نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  رایگەیاند كە قوربانیدان و بەرگریی هێزەكانی  پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینییەكان و ئاوارەكانی شەڕ لە مەترسییەكانی تیرۆریستان و داڵدەدانی هەزاران ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم و پێشكەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكان لە لایەن دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمەوە، جێی رێز و ستاییشی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتی شاهانەی نەرویجە.

هەواڵی پەیوەندیدار