ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: بەردەوام دەبین تاوەكو پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "تا ئێستا پڕۆژەكەی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كارایە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانی چوارساڵەی خۆیدا گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە دابنێت و ئەگەر نەبوو، ئەو كات جارێكی دیكە پڕۆژەكە پێشكەش دەكەینەوە".
عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چاوەڕێ دەكەین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانی چوارساڵەی خۆیدا گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە دابنێت، چونكە حكوومەت لە ئێستادا پاشەكەوتی مووچەی نەهێشتووە و مووچەش لە كاتی خۆیدا دەدات و تەنها پاشكەوتەكە ماوە بیگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران، كە ئەویش دەگەڕێتەوە".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی: "پڕۆژەكەی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كارایە و چاوەڕێ دەكەین ئەگەر حكوومەت لە پلانی خۆیدا گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی دانەنابوو، جارێكی دیكە هەر سێ ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆدەبینەوە و پڕۆژەی خۆمان پێشكەشی حكوومەت دەكەینەوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت، بۆیە بەردەوام دەبین تاوەكو پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە".
بڵند ئیبراهیم




